• ‌نێچیرڤان بارزانی: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دواناخرێت و له‌ کاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێ

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت و دواناخرێت.

بە پێی راپۆری میدیاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 7ی ئابی 2018، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا وتی، "هیوادارن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێک و پێکی و ئارامی بەڕێوەبچێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دەنگۆیە راست نییە کە برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش داوای لێکردبن هەڵبژاردن دوابخرێت.

بارزانی هەروەها گوتی، لایەنەکانی دیکە کەسیان بەفەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان لە حکومەت نەکردووە و وتیشی، هەڵوێستی پارتی ئەوەیە کە دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

لە پرێس کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، لیژنەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی بەغدا و هەرێم دەکات و وتیشی "هیوادارین لەگەڵ بەغدا کاری جدی بکەین بۆ ئەوەی کەیسی ئێزدییەکان بە تاوان هەژمار بکرێن و هیوادارین قەرەبووی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە".

ئەوە لە کاتک دایە کە قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاندووە : "هەموو لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانن، به‌ڵام کەس ناوێرێت باسی بکات".

Aug 07, 2018 14:57 Asia/Tehran
بۆچوونت