• سیایەتوانێکی کورد:حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت کە خۆی بەدووربگرێت لە هەڵوێستەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق

دکتۆرمەحمود عوسمان سیایەتوانی کوردو ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراق لەو باوەڕەدایە کە، ھەڵوێستەکەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەی پشتگری کردنی لە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران ھەڵەیەکی ستراتژی بووەو حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت ھەتا خۆی بەدووربگرێت لە هەڵوێستە نەگونجاوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ناوەندی ھەواڵدەریی تەسنیم، مەحمود عوسمان سیاسەتوانی کورد ڕایگەیاند، عەبادی تاکلایەنانە بڕیاری لەسەر پابەندبوونی خۆی لەسەر سزاکانی ئەمریکا داوە بەرامبەر بە ئێران و حکومەتی هەرێمیش بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت خۆی بەدووربگرێت لە هەڵوێستەکانی عەبادی.

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی دوو خولی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندووە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران بەهەڵەداچووە، چونکە تاکلایەنە بۆچوونی خۆی خستووەتەڕوو لەسەر پرسەکە و هیچ ڕاوێژێکی بە وەزیر و کاربەدەستانی عێراق نەکردووە.

ئەم سیاسەتوانە کوردە پێی لە سەر ئەوەش داگرتووە کە، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بە جۆرێک توندوتۆڵە کە ئەمریکا هەرگیز ناتوانێت کاریگەریی خۆی هەبێت و دەبێت ڕێگەی دیکە بدۆزێتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە بەشێکی زۆر لە بەرپرسە سیاسییەکانی عێراق دژی هەڵوێستەکانی عەبادی بوون لەسەر پرسی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و تەنانەت سەرۆک کۆماری عێراق فوئاد مەعسومیش ناڕەزایی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئەوە هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی عێراق نییە.

مەحمود عوسمان وتیشی: هەرچەندە سیاسەتی هەرێم بەشێکە لە سیاسەتی عێراق بەڵام لەئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕێت تا خۆی لەو گەمە سیاسییانە بەدووربگرێت، چونکە حکومەتی هەرێم نایەوێت قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ ئێراندا لەدەست بدات.

ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، ئەمریکا لە سەردەمی داناڵد ترەمپدا بە ئەزموونێکی خراپدا تێدەپەڕێت، لە ئێستادا لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەشەڕ ھاتووەو سەنگەری بۆ گرتوون، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی کۆریای باکور و ڕووسیا و ئێران و تورکیا و ڤەنزوێلا و چین هەروەها لەسەر پرسی فەلەستینیش سیاسەتێکی خراپ جێبەجێ دەکات.

جێگای ئاماژەیە حەوتەی ڕابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نین بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان پابەند دەبن پێیانەوە. دوای وتەکانی عەبادی مشتومڕەکان سەبارەت بە چۆنییەتى مامەڵەکردنى عێراق لەگەڵ ئەو پرسەدا ئاڵۆزتربوو، لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە ٢٠ گروپ و حزبى سیاسى شیعە بە شێوازى جۆراوجۆر ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان لە بەشدارىی عێراق لەو پیلانە ئەمەریکییەدا دەربڕى.

Aug 13, 2018 01:53 Asia/Tehran
بۆچوونت