• ‌یه‌کێتی داوای له‌ تورکیا کرد گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی هه‌ڵبگرێت

وه‌فدێکی‌ یه‌کێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان داوای‌ له‌ کونسوڵی گشتی تورکیا له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان کرد وڵاته‌که‌ی‌ گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی هه‌ڵبگرێت.

 

بە پێی راپۆرتی میدیاکانی هەرێم ، ئێواره‌ی یه‌کشه‌ممه‌ 4ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2018 وه‌فدێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تی بافڵ تاڵه‌بانی و ئه‌ندامێتی‌ ئاسۆ مامه‌ند و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا له‌ ده‌باشان پێشوازیکرد له‌ هاکان کاره‌چیا کونسوڵی گشتی تورکیا له‌ هه‌رێم و وه‌فدێکی یاوه‌ری.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی کۆبوونه‌وه‌که‌، "له‌ دیداره‌که‌دا گفتوگۆکرا له‌باره‌ی پێشهاته‌ سیاسییه‌کان و گۆڕانکاریه‌کانی ناوچه‌که‌ و بارودۆخی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی و ئاسایکردنه‌وه‌ بارودۆخی که‌رکوکیش تاووتوێکرا".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ که‌ "له‌و دیداره‌دا کونسڵی گشتی تورکیا له‌هه‌رێم باری سه‌رنجی خۆی له‌ سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئابوورییه‌کان خسته‌ڕوو، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌فدی یه‌کێتی رۆشناییان خسته‌سه‌ر هه‌نگاوه‌کانی ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و به‌غداو رایانگه‌یاند که‌ "یه‌کێتی له‌گه‌ڵ شه‌راکه‌تی راسته‌قینه‌دایه‌ له‌ عیراقی نوێدا و ده‌مانه‌وێت مافی هاووڵاتی بوون وه‌ک یه‌ک بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێندرێت و ده‌ستوور بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌کان و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بێت".

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و تورکیا به‌ تایبه‌ت گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی و بارودۆخی که‌رکوک ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌کرا که‌ "یه‌کێتی هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ بوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و نه‌ته‌وه‌یی کردۆته‌ بنه‌مای پاراستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌".

وه‌فده‌که‌ی یه‌کێتی داوای له‌تورکیاش کرد گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی هه‌ڵبگرێت که‌ ئه‌مه‌شی به‌هانده‌رێکی باش وه‌سفکرا بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌کانی هه‌ردوولا.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی که‌رکوکیش وه‌فده‌که‌ی یه‌کێتی جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ "پێویسته‌ بارودۆخی که‌رکوک ئاسایی بکرێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانیش له‌گه‌ڵ تورکمان و پێکهاته‌ و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی شاره‌که‌ پته‌وتربکرێت و هه‌مان سیاسه‌تی سه‌رۆک مام جه‌لال په‌یڕه‌وبکرێت بۆ پێکه‌وه‌ژیان و قوڵکردنه‌وه‌ی زیاتری گیانی ته‌بایی".

Nov 05, 2018 10:04 Asia/Tehran
بۆچوونت