• رێککەوتنی عێراق‌و هەرێم لەبارەی نەوتی کەرکوک نزیکە

بەپێی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی، هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەرێگەی بەندەری جەیهان نزیکە.

هەر بەپێی رۆژنامەکە رێککەوتنەکەی هەولێرو بەغدا بەشێوەیەک دەبێت، کە نەوتی کەرکوک لەرێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی دەکرێت‌و رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت‌و داهاتەکەشی بۆ حکومەتی عێراق دەبێت.

رۆژنامەکە باسی لەو گفتوگۆیانە کردووە، کە لەماوەی ساڵی رابردوو لەنێوان حکومەتی هەرێم ‌و عێراق هەبووە، لەبارەی هەناردەی نەوتی کەرکوک کراوەو ئاشکراشیکردووە، ئێستا گەیشتوون بەرێکەوتنی سەرەتایی.

هەروەها رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، کە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ هەناردەی نەوتی کەرکوک لەرێگەی بۆری نەوتی هەرێم کراوەو دەستپێکردنی پرۆسەکەش لەسەر رێککەوتنی کۆتایی هەولێرو بەغدا ماوە.

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هەناردەی نەوتی کەرکوک لەرێگەی هەرێمی کوردستان راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای عێراق هێرشی کردە سەر کێڵگە نەوتییەکانی شارەکەو کۆنتڕۆڵی کرد، کە پێشتر ئەو کێڵگانە بەدەست هەرێمی کوردستانەوە بوو.

Nov 10, 2018 14:03 Asia/Tehran
بۆچوونت