Jan 11, 2019 18:24 Asia/Tehran
  • لەسەر داواى بەرهەم ساڵح گەشتەکانى فرۆکەخانەى سلێمانى و تورکیا دەستپێدەکاتەوە

وابڕیارە لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا گەشتەکانى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ تورکیا دەستپێبکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ خەندان-ی پشتڕاست کردەوە کە لەماوەی دوو ھەفتەی داهاتوودا، گەشتەکانى فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ وڵاتى تورکیا دەستپێدەکاتەوە.

سەرچاوەکە وتی لەسەردانە فەڕمیەکەی سەرۆککۆماری عێراق، تورکیا بەڵێنی کردنەوەی دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فرۆکەخانەکانى تورکیاى داوە و شەوى رابردووش جارێکی دیکە بەفەڕمی ئەو بابەتە لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنی  لەنێوان بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا دووپاتکراوەتەوەو دووبارە ئەردۆغان بە بەرهەم ساڵحی راگەیاندووە کە لەماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا سزاکانى سەر فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى لادەبرێن.

بەهۆى ئەنجامدانى ریفراندۆم و وەک بەشێک لە سزاکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان، لە ساڵى ٢٠١٦ تورکیا بڕیاریدا سەرجەم گەشتەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا رابگیرێت و لەدواى رووداوەکانى ١٦ ى ئۆکتۆبەر گەشتەکانى نێوان فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و تورکیا دەستیپێکردەوە، بەڵام تورکیا بەردەوام بوو لە رێگریی کردن لە گەشتى نێوان فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى و فرۆکەخانەکانى تورکیا و هەر سێ مانگ جارێک سزاکانى نوێدەکردەوە.

رۆژى 3/1/2019 بە سەردانێکى فەرمى د.بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق لەسەر بانگهێشتى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا گەیشتە ئەنقەرەو پێشوازییەکى گەرمى لێکرا، لە کۆبوونەوەکانى لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە چەندین پرسى تایبەتى نێوان عێراق و تورکیا و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەسەرکرا لەناویاندا پرسى گەشتە نێودەوڵەتییەکانى نێوان هەردوو وڵات و دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى نێوان فرۆکەخانەى سلێمانى و فرۆکەخانەکانى تورکیا.

بۆچوونت