Jan 12, 2019 15:49 Asia/Tehran
  • تاهیر عەبدوڵا: بەپێی بەڵێنی ئەردۆغان لە دوو هەفتەدا گەشتەکانی تورکیا دەستپێدەکەنەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێنی بە سەرۆک کۆماری عێراق داوە لە ماوەی دوو هەفتەدا دەست بە گەشتەکانی نێوان ئەو وڵاتە و فڕۆکەخانەی سلێمانی بکرێتەوە.

 

 تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە ماڵپەڕی  وێستگە نیوزی ڕاگەیاند : "بە گوێرەی ئەو بەڵێنەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقی داوە، دەبێت لەماوەی دوو هەفتەدا گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دەستپێبکەنەوە".

ناوبراو ڕونیکردەوە : "قسە زۆر لەو بارەوەیە دەکرێت بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەکی دەستنیشانکراوی فەرمیی لەبەردەستدا نییە".

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی وتیشی "هیواخوازین بەزوترین کات گەشتەکانی تورکیا دەستپێبکەنەوە بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە".

ئەوە لە کاتێکدایە دوای ڕیفراندۆمی  کوردستان و ڕوداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر تا ئێستا کە ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەکات، تورکیا گەمارۆی خستوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و ڕێگە بە هیچ کەشتێک نادات لەو فڕۆکەخانەیەوە.

بۆچوونت