Jan 21, 2019 11:31 Asia/Tehran
  • ئێران لە هەڵەبجەوە کارەبا و گاز ده‌داته‌ هەرێمی کوردستان

ئێران ئامادەیه‌ کارەبا و گازی ماڵان بداتە هەرێمی کوردستان، به‌رپرسانی هه‌رێمیش گفتوگۆی ئه‌وه‌یان کردووه‌ ناوچه‌ی سازان له‌ پاریزگای هه‌ڵه‌بجه‌ باشترین جێگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ بکه‌ن، ئه‌و کاره‌بایه‌ش که‌متر له‌ نرخی هه‌رێم ده‌که‌وێت.

حەسەن دانایی فەر سکرتێری ناوەندی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و سوریا  ڕایگەیاندووە، کە ئێران ئامادەیە کارەبا و گازی ماڵان لە ڕێگەی پارێزگای هەڵەبجەوە بداتە هەرێم.

ئەو بەرپرسەی ئێران ڕاشیگەیاندووە، وەزیری وزەی ئێران لە سەردانێکی بۆ به‌غدا پرسی پێدانی کارەبای وڵاتەکەی بە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری کارەبای عێراق تاوتوێ کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتر حکومەتی هەرێم سەربەخۆ لەو بوارەدا بڕیاری داوە، حکومەتی ناوەندی بە لایانەوە گرنگ نەبووە.

پارێزگای هەڵەبجە دەکەوێتە ٨٣ کیلۆمەتر ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران، تەنیا لە سنووری ئەو پارێزگایەدا، دوو مەزری نیمچەفەرمی و زیاتر لە ١٠ مەرزی لاوەکی بوونیان هەیە بە هۆی فراوانیی سنووری هەرێم و ئێران لەو ناوچه‌یەدا.

کاوە عه‌لی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ «ئاژانس» وتی: «لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو، سەردانی سەر سنووری هەرێم و ئێرانمان کردووە، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەمان کردووە بۆ کردنەوەی مەرزی سازان، کارکردن بۆ درووستکردنی پردێک لەسەر ڕێرەوی ئاوی سیروان بۆ بەستنەوەی هەرێم و ئێران لە ناوچەی سازاندا».

وتیشی: «لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی ئێران گفتوگۆیەکمان کردووە، ئەگەر لە داهاتوودا ئەو ڕێککەوتنە بکرێت، ناوچەی سازان لە هەڵەبجە نزیکترین و ئاسانترین شوێنە بۆ ئەوەی کارەبا و غازی ماڵان لە ئێرانەوە بهێنرێتە هەرێم، چونکە بە ١٤ کیلۆمەتر ستوونەکانی کارەبا و بۆریی غاز دێتە خاکی هەرێم، بەڵام ئەمە کەی و چۆن ئەوە حکومەتی هەرێم دەزانێت و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە».

«هەڵەبجە ناوچەیەکی سنوورییە لەگەڵ وڵاتی ئێران، هەرکات حکومەتی هەرێم گرێبەستی کرد بۆ کڕینی کارەبا و گازی ماڵان ئەو کاتە مەزری سازان نزیکترین شوێنە بۆ هاوردەکردنی ئەو سەرچاوانەی وزە و بە تێچوویەکی کەم دێتە هەرێم»، کاوه‌ وای وت.

کڕینی کارەبا و گاز لە ئێرانەوە کەمتری تێ دەچێت بۆ حکومەتی هەرێم، چونکە دوو ساڵ لەمەوپێش لە سەردانێکی وەفدێکی پارێزگای سنە و بەرپرسانی ئێران بۆ هەڵەبجە، ئەوەیان باس کردووە، تێچووی یەک کیلۆوات کارەباشیان دیاری کردبوو تاکو دێتە هەڵەبجە، کە ئەوەی ئەوان دیارییان کردبوو، %٤٠ـی کەمتر بوو لەو نرخەی حکومەتی هەرێم، کارەبای لە وێستگەکانەوە دەست دەکەوێت.

حەمەئەمین هەورامی وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بۆ «ئاژانس» وتی: «وەک وەزارەت پێمان باشە هەماهەنگی و پێکەوەگرێدانی هێڵەکانی کارەبامان هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، بەڵام پێمان وایە ئەو قسانەی بەرپرسانی ئێران تەنها بۆ ڕاگەیاندنە و تاکو ئێستا بە فەرمی هیچیان بە ئێمە ڕانەگەیاندووە».

وتیشی: «پێشتر کارەبای پێنجوێن لە ئیرانەوە دابین کرابوو، کە بریتی بوو لە ٧ مێگاوات، بەڵام ئەوان هەرکاتێک پێویستان بێت دەیبڕن و کێشە درووست دەبێت، وەک ئەوەی پارساڵ کارەبای پێنجوێنی بڕی، بە پێچەوانەوە گرانتر لەسەر حکومەتی هەرێم دەکەوێت، هێنانی غازی ماڵان و کارەباش پێویستی بەوەیه‌ دەرخستەی بۆ بکرێت تاکو بزانرێت چەندی تێ دەچێت».

ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ حکومەتی هەرێم کارەبای قەزای پێنجوێنی لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە دابین کردبوو، بەڵام بە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی ئەو کارەبایەوه‌، حکومەتی ئێران کارەبای قەزاکەی لە پارساڵەوە بڕیوە، کە بڕی پارەکەش ٤٨ ملیۆن دۆلارە و بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاماژە بەوە دەکەن دەبێت حکومەتی عێراقی لەسەر بودجەی سیادی ئەو پارەیە بدات.

بۆچوونت