Feb 05, 2019 16:08 Asia/Tehran
  • دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکیەتی ، ‌کاتی دانیشتنی پەرلەمان و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاریکرا

پارتی و یەکێتی ڕێککەوتن لە 18ی شوباتدا دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت و تا هەفتەی داهاتووش دەبێت پڕۆژەیەک ئامادە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت.

بەپێی راپۆرتی وێستگە نیوز ، سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو "ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا لیژنەی تایبەت بە نوسینی پڕۆژەی سیاسی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی دەستبەکاربێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "بڕیاردرا لە 18ی مانگی شوبات پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە".

سەعدی پیرە ڕوونیشیکردەوە لە هەمان ڕۆژ واتە 18ی شوبات ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە.

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد "لە پڕۆژەی سیاسی هابەشی پارتی و یەکێتیدا بۆچوونی هاوبەشی هەردوو لا خراوەتەڕو کە ڕەنگ دەداتەوە لە سەرجەم سێکتەرەکانی حکومڕانی لە هەرێم".

ناوبراو لە بارەی هەنگاوی داهاتوویانەوە وتی "پڕۆژە سیاسیەکەی هەردوولا لە هەفتەی داهاتوودا ئامادە دەبێت و ئەوکات کۆدەبینەوە و قسەی تری لەبارەوە دەکەین".

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر پارتی ڕەتیدەکردەوە بە یەک پاکێج گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و دۆخی کەرکوک و پرۆسەی سیاسی عێراقەوە بکات و یەکێتیش پێداگربوو لەوەی کە دەبێت هەموو پرسەکان وەک یەک پاکێج گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

بۆچوونت