Feb 05, 2019 18:24 Asia/Tehran
  • وتووێژی وەڤدە سەربازییەکانی هەولێر و بەغدا لەمەڕ ناوچە جێ ناکۆکەکان

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە شاندێکی ئەو وەزارەتە دیدارێکی ئەنجام داوە لەگەڵ وەڤدێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەبارەت بە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەببار یاوەر ڕایگەیاند کە کەریم سنجاری سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەسەرووی شاندێکی باڵای ئەو وەزارەتخانە، چاوی کەوت بە وەڤدی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەئاماژە بەوەی کە ئەو دیدارە بەئامادەبوون و سەرۆکایەتی جێگری فەرماندەری ئەرکانی هەڵمەتی سوپای عێراق و بەرپرسانی باڵای سەربازیی عێراق و هەرێم، بەڕێوە چوو، وتی کە لەو چاوپێکەوتنەدا پرسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە خراوەتە بەر باس ولێکدانەوە.

هەروەها دۆخی ناوچە جێ ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغداو بەتایبەت بارودۆخی ئاسایشیی ئەو ناوچانە کە کۆنترۆڵیان لە ئۆکتۆبری٢٠١٧ی زایینیەوە لەدەست هێزە عێراقییەکان دایە، وەک تەوەری سەرەکیی وتووێژەکانی ئەو دیدارە ڕاگەیاند.

پاش ڕووداوەکانی ئۆکتۆبری٢٠١٧و ناکۆکیی نێوان عێراق و هەرێم، ئەوە یەکەم دیدار لەو ئاستەدا لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگریی عێراق دێتە ئەژمار.

بۆچوونت