Feb 17, 2019 13:33 Asia/Tehran
  • خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی ئێراق لابران

بە فەرمانی حکوومەتی ناوەندیی عێراق خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێم و شارەکانی عێراق بە تایبەت کەرکووک لابران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندان / ١٦ی فێڤرییە، بە فەرمیی هەردوو خاڵی گومرگی نێوان کەرکووک-سلێمانی و کەرکووک- هەولێر لابران و لە یەکشەممەوە پێناسی نوێی گومرگی جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی نووسراوی ژمارە 252 کە لە 15/2/2019 لەلایەن خاڵی گومرگی کەرکووکەوە ئاڕاستەی خاڵەکانی پشکنینی کەرکووک- هەولێر کراوە، داوایان لێکراوە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جێبەجێ بکەن و کار بە پێناسەی گومرگی نوێ بکرێت و سەرجەم خاڵە گومرگییەکانی نێوان کەرکووک و نەینەوا و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لاببرێت لە رۆژی شەممە 16/2/2019.

خاڵە گومرگییەکانی نێوان کەرکووک و هەولێر، کەرکووک و سلێمانی لابراون و لە ئەمڕۆوە هەر هاوڵاتییێک شمەک و کاڵای هەیە دەتوانێت بەبێ هیچ گومرگێک بیگەیێنێتە کەرکووک.

پێشتر، شاخەوان بەکر بەڕێوەبەرى دەروازەى نێودەوڵەتیى باشماخ لەبارەى ئەو گۆڕانکاریانە و وادەى کارکردن بە پێناسەى نوێى گومرگیى راگەیاند: ئێستا پێناسەیێکى تازەى گومرگی هەیە کە بەهەماهەنگى و کارکردن لەگەڵ حکوومەتى عێراق دانراوە، ئەویش لە چوارچێوەى ئەو رێککەوتنانەى ماوەى رابردوو لەگەڵ بەغدا کراون و بڕیارە لە 17ى ئەم مانگەوە بکەوێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.

بەڕێوەبەرى دەروازەى نێودەوڵەتیى باشماخ ئەوەیشی خستەڕو لە 17ى مانگەوە کە کار بە پێناسە نوێیەکە دەکرێت، گۆڕانکاریی لە رەسمیى گومرگیى هەموو کەلووپەل و کاڵایێکى هاوردە دەکرێت کە بەپێى سیستمى هەماهەنگى جیهانییە، بەڵام بەها و رێژەکان لەگەڵ حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى بەغداوە بڕیارى لێدراوە.

بۆچوونت