Sep 09, 2019 17:07 Asia/Tehran
  • ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی یەکێتی: هەوڵەکانی هەدەپە لەئاراستەی ئاشتەوایی دایە

ئەندامی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق لەدیدار لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا، پێی داگرت: هەوڵ و هەنگاوەکانی هەدەپە لەئاراستەی هێنانەدی ئاشتی و سەقام لەتورکیاو ناوچەیە.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ "سەعدی ئەحمەد پیرە" پاش دیدار لەگەڵ ئەندامانی هەدەپە کە رۆژی شەممەی ڕابردوو سەردانی هەولێری کردووە، وتی: سەفەری شاندی هەدەپە بۆ هەرێم و دیدارە ئەنجامگرتووەکان لەگەڵ پارت ولایەنە جیاجیاکانی هەرێم لەپێناو بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان کوردانی تورکیاو هەرێم، گرینگە.

ئەندامی مەکتەب سیاسیی یەنەکە وێڕای ئاماژە بە سەرکەوتنی بەربژێرانی هەدەپە لەهەڵبژاردنەکانی شارەوانیی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا، پێی داگرت؛ سەرکەوتنی ئەوپارتە لە هەڵبژاردنەکان پێشاندەری سەرکەوتنی سیاسەتی دیموکراتیکانەو ئاشتیانەی هەدەپە لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی وبەئامانجی هێنانەدی و چەسپاندنی ئاشتییە.

سەعدی ئەحمەد پیرە هەروەها وتی: هەموو هەوڵ و کۆششەکانی هەدەپە لەئاراستەی هێنانەدی سەقامی سیاسی وچەسپاندنی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە تورکیاو ناوچەیە.

سزایی تەمەلی هاوسەرۆکی هەدەپەش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای پێداگری لەسەر درێژەی هەوڵ وهەنگاوەکانی پارتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ پارتەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی، وتی کە هەدەپەو یەکێتی لەمەڕهێنانەدی ئاشتی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ، خاوەن دروشم وئامانجی هاوبەشن.  ناوبراو هەروەها وتی ؛ هەدەپە هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە لەئاراستەی هاتنەدی ئاشتی و چەسپاندنی دیموکراسی لە تورکیادا.

شاندی هەدەپە لەسەفەر بۆ هەولێر جگە لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ڕێبەرانی دوو پارتی ئیسلامخوازی کۆمەڵی ئیسلامی ویەکگرتووی ئیسلامیش دیداری کردو بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە سلێمانی لەگەڵ پارت وکەسایەتییەکانی ئەو پارێزگایەو هەروەها بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق(جێگری دووهەمی سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی) کە لەسلێمانییە، دیدار بکا.

بۆچوونت