Nov 17, 2019 15:38 Asia/Tehran
  • سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی هێزەکانی 70و 80 کۆوەدەبێ

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ هەریەکە لە بەرپرسی هێزەکانی 70و 80پ پێشمەرگە کۆدەبنەوە و لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆ دەکەن.

به پیی راپورتی خەندان-مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە لەبارەی کۆبونەوەکەوە بە خەندان-ی راگەیاند، "ئامانجی کۆبونەوەکە ئەوەیە چۆن بتوانین موچە و ژیانی پێشمەرگە چاک بکەین، کۆمەڵێک پێشنیاز ئامادەبکەین بۆ باشترکردنی دۆخی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەو پێشیازانەش لە کۆبونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بڕیاریان لەسەر دەدرێت".

کۆبونەوەکە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، تیایدا هەریەکە لە جەعفەر شێخ مستەفا، مستەفای سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیمساعیل وەزیری پێشمەرگە، سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی هێزەکانی 70 و نەجات عەلی، بەرپرسی هێزەکانی یەکەی 80 ئامادەدەبن. لە ماوەی 12 ساڵی رابردودا سێجار بڕیاری یەکخستنی هێزەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە دراوە کە ئەوەی یەکەمیان لای یەکێتییە و ئەوەی دوەمیشان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام تا ئێستا هێزەکان یەکیان نەگرتوەتەوە، هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش 35 خاڵی بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە کردوە.مستەفا چاوڕەش لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رونیکردەوە، "تەمەنا دەکەم لە ماوەی چوار ساڵی ئایندەدا هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، ئەوەش بڕیاری سیاسی دەوێت و تەنها بە هێزی پێشمەرگە ناکرێت، ئەگەر سەرکردایەتی هەردولا (پارتی و یەکێتی) لەسەر وردەکارییەکان یەک بۆچون بن، رێککەوتنەکە لای ئێمەش ئاسانە".

 

بۆچوونت