ئاب 01, 2020 14:15 Asia/Tehran
  • کونسوڵخانه‌ى ئێران له‌ سلێمانى مه‌رجه‌کانى گه‌شتکردنى بۆ ئێرانی ڕاگه‌یاند

کونسوڵخانه‌ى ئێران له‌ سلێمانى مه‌رجه‌کانى گه‌شتکردنى بۆ ئێرانی ڕاگه‌یاند که‌ پشکنینى کۆرۆنایه‌.

 

دوێنێ  31ى ته‌موزى 2020 کونسوڵخانه‌ى ئێران له‌ سلێمانى سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى گه‌شته‌کان له‌ دۆخى کۆرۆنا، ئاگادارییه‌کى بڵاوکرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌ که‌ ده‌بێت گه‌شتیار به‌ڵگه‌نامه‌ى پشکنینى کۆرۆناى پێ بێت و پێش که‌متر له‌ 96 کاتژمێر له‌ گه‌شته‌که‌ی، ئه‌نجامدرابێت.

ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى کونسوڵخانه‌ى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ سلیمانی:

ئاگادارى بۆ گه‌شتیارانى وڵاتى ئێران

1-  پێویسته‌ گه‌شتیارانى ئێرانى و بیانى له‌ کاتى چوونه‌ناو ئێران له‌ ته‌واوى خاڵه‌ سنورییه‌ فه‌رمییه‌ ئاسمانی، ده‌ریایى و زه‌مینیه‌کانه‌وه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ى ته‌ندروستى (پشکنینى کۆرۆنا) به‌ زمانى ئینگلیزى پێشکه‌ش بکه‌ن که‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ باوه‌ڕپێکراوه‌ ته‌ندروستیه‌کانى وڵاتى خانه‌خوێ وه‌ ئه‌نجامدرابێت. پێویسته‌ پشکنینى کۆرۆناکه‌ که‌متر له‌ 96 کاتژمێر (چوار ڕۆژ) پێش چوونه‌ناو ئێران ئه‌نجام درابێت. 

2-  له‌ ئه‌گه‌رى نه‌بوونى پشکنینى کۆرۆنا، مۆڵه‌تى چوونه‌ژووره‌وه‌ به‌ هاوڵاتیانى بیانى نادرێت، به‌ڵام گه‌شتیارانى به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانى بۆ ماوه‌ى 14 ڕۆژ له‌سه‌ر تێچووى خۆیان له‌و بنکانه‌ى که‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیه‌وه‌ دیارى کراون، که‌ره‌نتینه‌ ده‌کرێن. 

3-  پێویسته‌ ته‌واوى گه‌شتیارانى ئێرانى و بیانى فۆڕمى خۆناساندنى تایبه‌ت به‌ کۆرۆنا وه‌ربگرن و پڕى بکه‌نه‌وه‌ و پیشانى پزیشکانى جێگیرکراو له‌سه‌ر سنوره‌کان یاخود فڕۆکه‌خانه‌کان بده‌ن. 

4-  له‌کاتى چوونه‌ناو ئێران، پشکنینى پزیشکى بۆ ته‌واوى گه‌شتیاران ده‌کرێت. (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵگرى به‌ڵگه‌نامه‌ى ته‌ندروستیش بێت).  

5-  له‌ئه‌گه‌رى بوونى نیشانه‌کانى کۆرۆنا، ئه‌و که‌سه‌ تا کاتى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌نجامى نێگه‌تیڤى پشکنینى کۆرۆناکه‌ى و چاره‌سه‌رکردنى نیشانه‌کانى نه‌خۆشیه‌که‌، له‌ بنکه‌کانى که‌ره‌نتینه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى که‌ بۆ گه‌شتیارانى بیانى دیارى کراوه‌، ده‌هێڵڕێنه‌وه‌. گه‌شتیارانى ئێرانى له‌پاش وه‌رگرتنى به‌ڵێننامه‌ى نوسراو، پێویسته‌ له‌ماڵه‌وه‌ خۆیان که‌ره‌نتین بکه‌ن.  

6-  ڕێساکانى سه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌موو هاوڵاتیانى ئێرانى و بیانى به‌بێ ڕه‌چاوکردنى جۆرى پاسپۆرت، جۆرى ڤیزا، ئامانجى گه‌شته‌که‌ و...هتد، جێبه‌جێ ده‌کرێت و هیچ هه‌ڵاوێرده‌یه‌ک له‌به‌رچاو ناگیرێت.

سەرپەیڤ

بۆچوونت