حوزه‌یران 17, 2017 11:45 Asia/Tehran
  • ناردنی١٣٠لۆری چەکەمەنی بۆ کوردانی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە

ئەمریکا لە دە ڕۆژی ڕابردوودا ١٣٠لۆری پڕلەچەکەمەنی ڕادەستی کوردانی سوریا بەتایبەت پارتی یەکێتی دیموکراتیک کردووە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، لەدرێژەی یارمەتیی چەکەمەنیی ئەمریکا بۆ کوردەکانی سوریا، هەواڵدەریی ئانادۆلۆی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە دە ڕۆژی ڕابردوودا ١٣٠ لۆریی پڕ لەچەکەمەنی سوک و نیوەقورسی خستووەتە بەردەست هێزەکانی یەکێتی دیموکراتیکی سوریا(پەیەدە).

هەواڵدەریی ئانادۆلۆ لەوبارەوە نووسیویەتی کە، رۆژی هەینی پەنجا لۆری پڕلەچەک لەڕێی ئێراقەوە گەیشتە پارێزگای حەسەکەو شەست لۆریش لە ڕۆژی پێنجی ژۆئەن و بیست لۆری دیکەش لە١٢ی ژۆئەنی ڕابردوو گەیشتووەتە ناوچەکانی بن دەسەڵاتی کوردەکان لە سوریا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، ئەگەرچی زیاتر لە یەک مانگ لەڕەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناردنی چەکەمەنی بۆ کوردەکانی سوریا تێناپەڕێ بەڵام لەو ماوەدا، ٣٤٨لۆری پڕ لە چەکئامێر ڕەانەی ناوچەکانی بن چاوەدێری و کۆنترۆڵی هێزەکانی یەکێتی دیموکراتیک کراوە.

ناردنی ئەو چەکئامێرانە لەکاتێکدایە کە حکومەتی تورکیا بەتوندی ڕەخنە دەگرێ لەو کردەیەی ئەمریکا.

هێزەکانی کوردی سوریا بە سەرکردایەتی هێزەکانی یەکێتی دیموکراتیک، ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی ڕەققەیان لە بەرواری شەشی ژۆئەنەوە بە پاڵپشتی ئەمریکا دەسپێکردووە.