حوزه‌یران 25, 2017 10:46 Asia/Tehran
  • کوژرانی سەرەکی ترین پاڵپشتە دراڤییەکانی داعش لە سووریا

هاوپەیمانیی ئەمریکی باسی کوژرانی بەرپرسێکی باڵای دراڤیی تاقمی تیرۆریستی داعشی کرد لە ڕۆژهەڵاتی سووریا.

هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە، یەکێک لە سەرەکی ترین پاڵپشتە دراڤییەکانی داعش ڕۆژی 26ی جۆزەردان دوابەدوای هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەم هاوپەیمانییە لە ناوچەی بوکەمالی ڕۆژهەڵاتی سووریا لە نزیک سنوورەکانی عێراق کوژراوە.

ئەم هاوپەیمانییە نێونەتەوەییە پێشی داگرتووە کە: ئەو کەسە کوژراوە شارومەندی سوورییەو ناوی فەوازموحەممەد جەبیرولڕاوییە کە ملوێنان دۆلاری بۆ هێرش و چالاکیی لۆجیستیکیی داعش خستبووە بەردەستی ئەم تاقمە تیرۆریستە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەلڕاوی خاوەنی سەڕافییەک بوو لە شاری بوکەمال کە لەگەڵ تۆڕە جۆربەجۆرە دراڤییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی پارەو سامان بۆ ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی داعش چالاکیی دەنواند.

کوژرانی ئەلڕاوی یەکەم هەنگاوی هاوپەیمانیی ئەمریکی لە پەلاماردانی بەرپرسانی کۆمپانیاکانی خزمەت گەیاندنی دراڤی بە تاقمی تیرۆریستیی داعش دێتە ئەژمار.