ئاب 10, 2017 18:14 Asia/Tehran
  • داخوازیی لە دانیشتوانی ناوچەکانی گردوپەڕی ڕەققە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

سەرکردایەتیی سوپاو هێزەچەکدارەکانی سووریا داوای لە دانیشتووانی بڕێک لە ناوچەکانی گردوپەڕی ڕەققەی کرد کە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و خۆیان .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەخباریەی سووریا، سەرکردایەتیی سوپاو هێزە چەکدارەکان داوایان لە دانیشتووانی شارەکانی ئشنان، سەبخە و جبلی لە گردوپەڕی باشووری ڕەقە کرد کە بە سەرنجدانی ئەمەی کە ئاسایشت و سەقامی ئەم شارانە دابین کراوە، یگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

سەرکردایەتیی سوپای سووریا ڕاشیگەیاند: یەکەکانی سوپا کە لەم ناوچانەدا چالاکی دەنوێنن بە هاوکاریی ناوەندە بەرپرسەکان، ڕاژەکاریی پێویست بۆ گەڕانەوەی بنەماڵەکان دابین دەکەن.

هەر لەم حاڵەدا ئامادە بوونی ئافرەتانی کورد و عەرەب لە ڕیزی یەکەمی هەڵمەتی ڕزگار کردن، سەرنجی میدیاکانی دنیای بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە، چونکو ئافرەتانی کوردو عەرەب لە هەڵمەتی ڕزگار کردنی ڕەققە لەژێر ڕکێفی تاقمی تیرۆریستی داعش لە هێڵی پێشەوەی بەرەی شەڕن.

شەڕڤانانی کورد بۆ ئەم ئۆپراسیۆنە ماوەی پانزە ڕۆژ چۆنیەتیی بەکار هێنانی چەک و تاکتیک و یارمەتیی سەرەتایییان بە 210 ئافرەتی خەباتکار فێر کردووە.

ئافرەتێکی سەربە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بەناوی لەیلی حسەین بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکیمان خەباتی دژی داعشە و ئەمەی کە تێیانگەیەنین کە ئافرەتان بەهێزن.

جیهان شێخ ئەحمەد وتەبێژی ژووری هەڵمەتی ڕزگار کردنی ڕەققە لە نێو هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاندوە: ئافرەتان لە شەڕی دژی داعش لە ڕەققە ئامادە بوونێکی بەرچاویان هەیە.

ئەو ئافرەتانەی کە بە هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە پەیوەست بوونە سەر بە ناوچەگەلێکی جۆربەجۆری باکووری سووریا لەوانە دەیرۆزوورو ڕەققەو حەڵەبن.

بە پێی هەواڵێکی دیکە لە شاری ڕەققەوە، تیرۆریستانی تەکفیریی داعش لە هێرش بۆ سەر شاری مەعدان لە باشووری ڕەقە سی کەسی سڤیلی سوورییان لەم شارەدا بەدیل گرتووە. ئەمانە بەنیاز بوونە لە ناوچەکانی ژێر ڕکێفی داعش هەڵبێن.