ئاب 11, 2017 11:19 Asia/Tehran
  • داکۆکیی ئەمریکا لە کوردی سووریا دەبێتە هۆی پەرە سەندنی تیرۆریزم

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی داکۆکیی ئەمریکا لە کوردەکانی باکووری سووریا دەبێتە هۆی پەرە سەندنی تیرۆریزم و نائەمنیی وڵاتانی ناوچە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "مەولوود چاوش ئۆ‌غڵوو" ڕۆژی پێنجشەممە لە ئانکارادا وتیشی: داکۆکیی ئەمریکا لە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریا (یەپەگە) لە ئۆپەراسیۆنی ڕەقە لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە دەتوانێ بواری زیاتر خۆش بکات بۆ ئەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە ناوچەکە ئازادەییەکی زیاتریان هەبێ.

دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە باکووری سورویا پتر لە ٩٠٠ لۆری یارمەتیی چەکەمەنی بەڕێ کردووە بۆ گرووپە چەکدارەکان لەوان "پەیەدە" و "یەپەگە".

مەسەلەی یارمەتیی چەکەمەنیی ئەمریکا بە گرووپە چەکدارەکان لە باکووری سورویا بۆتە هۆی ئاڵۆز بوونی پێوەندییەکانی نێوان ئانکارا و واشینگتۆن.

کارناسانی پرسە سیاسییەکانی ناوچە لە سەر ئەو بڕوایەن کە تورکیا و ئەمریکا لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم، سیاسەتێکی دووفاقییان هەیە و یەکتری بە داکۆکی لە تیرۆریزم تۆمەتبار دەکەن ، لە کاتێکدا کە ئەم دوو وڵاتە هەردووکیان بە داکۆکی لە داعش لە سووریا و ئێراق دەستیان هەیە لە کوشت و بڕی هەزاران شاروومەندی بێ تاوان و ئەم مەسەلەیە لە کەس شاراوە نییە.