ئاب 11, 2017 13:13 Asia/Tehran
  • دان پێدانای سوور و ئاشکرای بەرهەڵستکارانی سووریایی بە سەر بەردەوام بوونی یارمەتییەکانی تورکیا

"عەبدوڕەحم مستەفا" سەرۆکی گرووپی بەرهەڵستکاری ناسراو بە هاوپەیمانی نیشتمانیی هێزە خەباتگێڕەکان و هێزەکانی بەرهەڵستکاری سووریا ( الائتلاف الوطنی لقوى الثورة والمعارضة السوریة) ڕاشکاوانە باسی بەردەوام بوونی یارمەتییەکانی تورکیا بەم گرووپەی کرد.

ئەم قسانەی "عەبدوڕەحم مستەفا" پاش ئەوەی هاتە ئاراوە کە هەواڵدەریی کوەیت (کونا) بە گێڕانەوە لە ناوبراو ڕایگەیاند: ژمارێک لە مێدیاکان هەوڵ دەدەن دەنگۆی ئەوە بڵاو بکەنەوە کە تورکیا داکۆکی لە هاوپەیمانی نیشتمانیی سووریا ناکات تا بە هەوڵی نادرووست و درۆ و دەلەسەیان لە سەر ڕێگای سەرکەوتنەکانی ئەم هاوپەیمانییە لەمپەر بنێنەوە.

لەوەی کە گرووپەکانی بەرهەڵستکاری سووریا لە سیاسییەکانەوە هەتا گرووپە چەکدارە تیرۆریستی، تەکفیرییەکان چ سوودێکیان لە درێژەپێدانی دژایەتی کردنی دەوڵەت و گەلی سووریا بە نسیب بووە، ئەوە ئیتر بڕیار دانی لە ئەستۆی گەلی سووریایە. هەر ئەو گرووپانە کە بە بێ دەکارهێنانی ڕێگاچارەی سیاسی سوور و پێداگر بوون لە سەر دژایەتی کردنی حکومەتی بەشار ئەسەد و بوونە هۆی بڵێسە سەندنی  ئاگری شەڕی ناوخۆی لە سووریا و ئەم وڵاتەیان تەواو کاول کرد. هەر ئەو کەسایەتییانە و ئەو گرووپانە کە دوابەدوای ئەوەی زانیان ژیان لە سووریا دژوار بووە، خاک و  نیشتمانی خۆیان بەجێ هێشت و ئاوارە بوون لە تورکیا و وڵاتانی ئەروووپاییان بە لاوە باشتر بوو تا مانەوە لە وڵاتەکەیان و کپ کردنەوەی ئاگری شەڕ و دوژمنایەتی، نائەمنی و تیرۆریزم.

لەو نێوانەدا وڵاتانێکیش هەبوون کە لەبەر قازانج و بەرژەوەندیی بە ناوی نیشتمانی و ویا زلهێز بوون لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و بووژاندنەوەی ئیمپەراتووری هەڵوەشاویان بڵێسەیان دا بە ئاگری شەڕی سووریا، تا نەک هەر برینی قەیرانە جۆربەجۆرە سیاسی و نێوخۆییەکان ساڕێژ نەبێ بەڵکوو لە هاوکێشەکانی دزە و دەسەڵات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین جێگایەک بۆ خۆیان ببیننەوە و لەو ڕێگاوە دەسەڵاتێک لە ئاستی ناوچە و جیهان بۆ خۆیان دەستەبەر کەن. بەڵام ولاتانی ڕۆژاوایی، عەرەبی و تورکیا خێرا لەم ڕیزبەندییانەدا دەستیان کردە پشتیوانی کردنی گرووپەکانی نەیار و بەرهەڵستکاری سووریایی و هەموو چەشنە یارمەتییەکانی دراوی و سیاسی و لۆجستکییان خستە بەردەستی نەیارانی دەوڵەتی سووریا.

بە بێ ئاماژە بە درووست یان هەڵە بوونی سیاسەت و ستراتژیی وڵاتانی داکۆکیکاری نەیارانی دەوڵەتی سووریا ، یەک خاڵمان نابێ لەبیر بچێتەوە و ئەویش ئەوەیە کە ئەم لایەنانە بە پێی گۆڕانکارییەکانی سووریا  و لە سەر ویست و خواستی خۆیان دەستیان دایە پشتیوانی کردنی دڵخوازانە لە گرووپە جۆربەجۆرەکانی نەیاری بەشار ئەسەد. تا ڕادەیەک کە لە یەک قۆناغدا کە گرووپە تەکفیری و تیرۆریستییەکانیان بە سەرکەوتووی ئەو شەڕە دەزانی دەستیان کردە داکۆکیی کردنی ئەم گرووپانە لە بواری لۆجستیکی، دراوی و سەربازییەوە و لە قۆناغێکی تردا کە کە ئەم گرووپانە سێمایەکی دزێویان لە کۆمەڵگەی جیهانی پەیدا کرد، داکۆکییە ئاشکراکانیان بەرەو لای گرووپە سیاسییەکانی نەیاری دەوڵەتی سووریا برد.

هەر بۆیە دان پێدانانی ئێستای "عەبدوڕەحم مستەفا" سەرۆکی گرووپی بەرهەڵستکاری  سووریا سەبارەت بە بەردەوام بوونی داکۆکییەکانی تورکیا لەم گرووپە مەسەلەیەکی تازە نییە کە ئەو ئاشکرای کردبێ، بەڵکوو ئەوەی سەرنجی چاوەدێرانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە کەڵک وەرگرتنی ئامرازیانە و کاتیی تورکیا لە نەیاران و بەرهەڵستکارانی سووریا لە گۆڕەپانی کایەی سیاسیی دەرەوەی ناوچەییە تورکیادایە. بەتایبەت ئێستاکە بۆ کۆمەڵگەی تورکیا زیاتر لە ڕابردوو دەرکەوتووە کە ئانکارا داکۆکی لە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە کردووە و ئێستا کە ئەم گرووپە لە شەڕی مەیدانیدا تووشی شکست بووە، تورکیا بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناوچەییەکانی خۆی بەتایبەت لە سووریا لایەنی گرووپە سیاسییەکانی نەیاری دەوڵەتی دیمەشقی گرتووە.

هەر بۆیە ئەگەری زۆرە کە دان پێدانانی گرووپی بەرهەڵستکاری ناسراو بە هاوپەیمانی نیشتمانیی هێزە خەباتگێڕەکان و هێزەکانی بەرهەڵستکاری سووریا ( الائتلاف الوطنی لقوى الثورة والمعارضة السوریة) هەنگاوێک بێ بە چراسەوزی تورکیا بۆ شاردنەوەی هەموو کردەوە  ئاکاری ڕابردووی ئانکارا لەهەمبەر ڕووداوەکانی سووریا.

قسە و لێدوانێک کە نیشانەی یاری کردنی بەرهەڵستکارانی سووریایی لە زەوینی تورکیا بە ئاشکرا دەبیندرێ و نەک هەر باس لە بەکایەگیردرانی ڕێبەرانی هاوپەیمانی نیشتمانیی بەرهەڵستکارانی سووریا دەکات بەڵکوو پیشاندەری ئەوەیشە کە ئەم گرووپانە ئێستایش هەر بەجێ هێشتنی خاک و  نیشتمانیان پێ باشترە تا گەرانەوە بۆ وڵات و بەشداریی کاریگەر و بنیاتنەر لە پرۆسەی ئاشتی و بنیاتنانەوەی زێد و وڵاتیان.