ئاب 16, 2017 18:49 Asia/Tehran
  • دۆزرانەوەی ماددەی کیمیایی دروست کراوی تورکیاو بریتانیاو ئەمریکا لە سووریا

یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند: لە کاتی ڕزگار کردنی هەندێ لە ناوچەکانی سووریا،ماددەی کیمیایی دروست کراوی تورکیاو تەقەمەنیی هەڵگری ماددەی کیمیایی بەرهەمی بریتانیاو ئەمریکا دۆزرایەوەو دەست گیرا بە سەریدا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی کەناڵی هەواڵیی ئەلعالەم، فەیسەڵ میقداد یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریا وتیشی: ئەمریکاو بریتانیاو هاوپەیمانەکانیان یاساوڕێسای قەدەغەی چەک و چۆڵی کیمیایییان پێشێل کردووەو تاقمە تیرۆریستییەکانیان بە ماددەی ژاراوییەوە تەیار کردووە.

فەیسەڵ میقداد یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریا هەروەها باسی سەردانی تاقمی بەدوادا چوونی ڕاستیەکانی کردوو بۆ سووریا لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوو لە بارەی دۆسیەی کیمیایی ئەم وڵاتەوەو وتووشیەتی: دەوڵەتی سووریا هێندێک لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچەی خان شەیخون لە پارێزگای ئەدلەبی باکووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە ئەنجام داوە.

فەیسەڵ میقداد یادیدەری وەزیری دەرەوەی سووریا پێی داگرتووە کە: هەتاکو ئێستا هیچکام لە وڵاتانی ڕۆژئاوا داوای سەردانی شاندێکی ڕێکخراوەی قەدەغەی پەرە پێ دانی چەک و چۆڵی کیمیایییان بۆ خان شەیخون نەکردووە. یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریا هەر لەم حاڵەدا جەختیشی کردووە کە: دەوڵەتی سووریا بۆ تاقمی بەدوادا چوون هەموو مسۆگەراتێکی پێویست دابین دەکات.

سەرەتاکانی ئاپریلی ئەمساڵ تاقمە چەکدارو تیرۆریستەکان باسی ئەنجام گرتنی هێرشی کیمیایییان کرد لە شاری خان شەیخونی سوریا.

دوای بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە میدیاکانی ڕۆژئاوا و عەرەبیی هاوتەریب لەگەڵ تیرۆریستان بە وەڕی خستنی هەراوهوریای پڕوپاگەندەیی ، هەوڵیان دا هەتا دەوڵەتی سووریا بە دەست هەبوون لەو هێرشە کیمیایەدا تۆمەتبار بکەن و ئەمەش بوختانێک بوو کە دەوڵەتی سووریا بە توندی ڕەتی کردەوەو پێی لە سەر ئامادە بوونی خۆی بە مەبەستی ئەنجام گرتنی لێکۆڵینەوەی بەربڵاو لەم پەیوەندیەدا داگرتووە. جێگای ئاماژەیە کە لە ڕووداوەکەی خان شەیخون دا لانیکەم شەست کەس گیانیان لە دەست دا.

 

 

سەرپەیڤ