ئاب 17, 2017 18:00 Asia/Tehran
  • داخوازیی ڕووسیا بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی لایەنگریی ئەمریکاو بریتانیا لە تیرۆریستان لە سووریا

ڕووسیا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی کرد لە بارەی ڕادەست کرانی چەک و تەقەمەنیی کیمیایی دروست کراوی ئەمریکاو بریتانیا بە تیرۆریستان لە سووریا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سپۆتنیک ( واسیلی نینزیا) نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان تایبەتی لێکدانەوەی ماددە کیمیایی و ژاراوییەکان لە سووریا وتی: ئەگەر ڕادەست کرانی تەقەمەنیی کیمیایی لە لایەن ئەمریکاو بریتانیا بە تیرۆریستان پشتڕاست بکرێتەوە ئەمە بە واتای پێشێلکرانی پەیمانی قەدەغەی چەک و چۆڵی کیمیاییە.

فەیسەڵ میقداد جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا لەم دواییەدا ڕایگەیاند: ئەمریکاو بریتانیا تەقەمەنیی هەڵگری ماددەی کیمیایی و ژاراوییان داوە بە تیرۆریستانی دژی سووریا.

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیاش ڕۆژی چوار شەممە ڕایگەیاند: ئەمریکاو بریتانیا بە دانی تەقەمەنیی هەڵگری ماددەی ژاراوی بە تیرۆریستانی دژی سووری پێوەرەکانی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە ڕەخنە لە داکۆکییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە تیرۆریستان بە لاقرتییەوە وتیشی: ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین کە چۆن لە واشینگتۆن ولەندەن دیموکراسی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە و ئەوان چەندە پێبەندی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانن.

سووریا نزیکەی شەش ساڵە کە بەرەوڕووی تاقمە چەکدارە تیرۆریستەکانی وەک داعش و نوسرەیە کە لە لایەن ڕۆژئاواو بڕێک لە وڵاتانی ناوچەکەوە داکۆکییان لێ دەکرێت.

ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی سەرباری ئەوەی کە بۆخۆیان چەشنی جۆربەجۆری چەک و چۆڵی کاولکەر لەوانە ماددەی کیمیایییان خستووەتە بەردەستی تیرۆریستان کەچی دەوڵەتی سووریا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەو چەکانەی بەکار هێناوە.