• بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستانە بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سوریا

شەشەمین کۆبوونەوەی ئاستانەی (کازاخستان) ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پێناو چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا بە چاوەدێریی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە پێتەختی کازاخستان بەڕێوە دەچێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ دیاری کردنی ناوچەی چوارەمی ئەمن لە پارێزگەی ئەدلیب هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژاوای سووریا تەوەرەی سەرەکیی باس و وتووێژەکان لە خولی شەشەمی کۆبوونەوەی سووری لە ئاساتانەدا دەبێ.

نوێنەرانی دەوڵەتی سووریا، گرووپی ناسراو بە سوپای ئازاد بە نوێنەرایەتیی بەرهەڵستکارانی سووریاوە، وەزیری دەرەوەی کازاخستان وەکوو میواندار، شاندێک لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و نوێنەرانی چەن وڵاتی چاوەدێر لە شەشەمین خولی دانوستانی ئاستانەدا بەشداری دەکەن.

ئێران، ڕووسیا و تورکیا وەکوو وڵاتانی بناغەدانەر و پشتیوانی فەرمیی دانوستانەکانی ئاستانە لەم خولەیشدا هەروەک خولەکانی پێشوو، دەوری سەرەکی دەگێڕن.

"حسێن جابری ئەنساری" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەرووی شاندێکی ئێرانییەوە و "سادات ئوناڵ" جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم کۆبوونەوەیەدا بەشداری دەکەن.

"ئێلێکساندەر لاورێنتییەف" نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سووریایش بەرپرسایەتیی شاندەکەی ڕووسیای لە ئەستۆدا دەبێ.

لە دانوستانەکانی ئاستانەدا تا ئێستا سێ ناوچەی ئەمن کە ناوچەکانی باشووری ڕۆژاوای سووریا لەوان دەرعا و قەنیتەرە، غوتەی ڕۆژهەڵات لە پارێزگەی ڕیفی دیمەشق و حومس لە ڕۆژاوای سووریان دیاری کراوە.

ئەم دانوستانانە بە دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوکاریی ڕووسیا و تورکیا لە دواڕۆژانی مانگی ژانڤییە لە شاری ئاستانەی پێتەختی کازاخستان  بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕ لە سووریا و چەسپاندنی ئاشتی لەم وڵاتە دەست پێ بووە.

 

Sep 14, 2017 12:58 Asia/Tehran
بۆچوونت