ئه‌یلوول 23, 2017 11:04 Asia/Tehran
  • کوردەکانی سووریا، یەکەم هەڵبژاردنی خۆجێیان بەڕێوە برد

کوردەکانی سووریا، یەکەم هەڵبژاردنی خۆجێیی خۆیان لەچوارچێوەی سیستەمی فیدرالی کە خۆیان بۆ سووریایان لەبەرچاو گرتووە، لە ناوچەکانی بن دەسەڵاتی کوردان لەباکووری سووریایان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیسنا(خوێندکارانی ئێران)؛ بەگێڕانەوە لە کەناڵی ئەلجزیرە، ئەو هەڵبژاردنانە لە سێ قۆناخدا بەڕێوە دەچێ کە بەهەڵبژاردنی لیژنە خۆجێیەکان دەس پێ بووەو لە ژانڤییەی٢٠١٨دا بەهەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی و یاسادانانی کوردانی سووریا کە ناوی دەنرێ"کۆنگرەی گەلی دیموکراتیک"، کۆتایی پێ دێ.

کوردەکانی سووریا پرۆسەیەکی سێ قۆناخی بۆ چەسپاندنی بیرۆکەکانیان لەمەڕ سیستەمی فیدراڵی سووریا پێش بینی کردووە. لە قۆناخی یەکەمدا، هەڵبژاردنی لیژنە خۆجێیەکان بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی ناوچەکان بەڕێوە چوو. لە قۆناخی دووهەمدا لە سێی نۆڤمبەر هەڵبژاردنی شۆراکانی خۆجێیی شار و شارۆچکەکان بەڕێوە دەچێ. لە قۆناخی سێهەم و لەدواقۆناخدا کە ١٩ی ژانڤییەیە، هەڵبژاردنەکانی"کۆنگرەی گەلی دیموکراتیک" بۆ هەر هەرێمێک بەڕێوە دەچێ. ئەو کۆنگرەیە بەرپرسی ئیدارەی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا دەبێ.

گرووپ و لایەنەکانی کوردی سووریا مارسی٢٠١٦ لەناوچەکانی بن دەسەڵاتی خۆیان لەباکووری سووریا بریتی لە؛ جزیرە، فوڕات و عەفرین، سیستەمی فیدراڵیان ڕاگەیاند.

هەرلەو ئاراستەدا، لە شارەکانی قامیشلۆ و عامودە لە پارێزگای حەسەکە ، نووسراوەو لافیتە بەزمانی عەرەبی، کوردی و سۆریانی هەڵواسراوە کە تێیاندا داوا لە خەڵک کراوە، بەشداری هەڵبژاردنەکان، بن.