تشرینی یه‌که‌م 16, 2017 07:44 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی سووریا: تورکیا، بێ شەرت و مەرج لەخاکی سووریا بکشێتەوە

پەرلەمانی سووریا جەختی کرد لەسەر چوونەدەری خێراو بێ شەرت و مەرجی هێزەکانی تورکیا لەخاکی سووریا.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلمەیادین، پەرلەمانی سووریا سەرلەبەیانی دوێنێ یەکشەممە لە کاردانەوە بە چوونی هێزەکانی سوپای تورکیا بۆ باکووری پارێزگای ئیدلیب رایگەیاند کە ئەو دەسدرێژکارییە، هەڕەشە لەدژ دەمشقە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریاش ڕۆژی شەممە لەکاردانەوە بە کردەی سوپای تورکیا لەچوونەنێو پارێزگای ئیدلیب(باکووری سووریا)، ئەو کارەی بە پێشێلکەریی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانیی ئەو وڵاتەو لەبەرچاو نەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی.

تورکیا وەک لایەنێکی ڕێککەوتنەکەی ئاستانە، هێزە سەربازییەکانی بەبیانووی یارمەتیدان لەپێناو جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتننامەی کەمکردنی کێشە ناردە پارێزگای ئیدلیب لەباکووری رۆژاوای سووریا بەڵام وێنەو فیلمە بڵاوکراوەکان واپێشان ئەدەن کە چوونی ئەو هێزانە بۆ ئیدلیب ، بەهاواهەنگیی گرووپی ڕەشەکوژی بەرەی نوسرە بووە.

ئێران، سووریاو تورکیا وەک وڵاتانی دەستەبەرکەری ئاگربڕ، لەدانیشتنی ئەم دواییەی ئاستانە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە پارێزگای ئیدلیبیش بکرێ بە ناوچەی کەم کێشە، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە بڕیارە ٥٠٠کەس لە هەر سێ لایەن وەک چاودێر بەسەر جێ بەجێ کرانی ڕەوتی ڕێککەوتنی کەمکرانی کێشە لەو پارێزگایە، جێگیر بکرێن. بەم حاڵەشەوە، تورکیا کەڵکی ناڕەوای لەو دەرفەتە وەرگرتووەو ژمارێکی زۆر لە هێزەکانیان لەپارێزگای ئیدلیبی سووریا جێگیر کردووە.

ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا ڕۆژی هەینی١٣ی ئۆکتۆبر لەبەیاننامەیەکدا هەواڵی دەسپێکرانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ئیدلیبی سووریای ڕاگەیاندبووە.

سەرپەیڤ