تەقینەوەی ترۆمبیلێکی بۆمب ئاخنکراو لە باشووری دیمەشق
کانونی یهکهم 14, 2017 12:43 Asia/Tehran
کەسێکی خۆ تەقێن دوای ئەوەی کە لە لایەن هێزە ئاسایشتییەکانەوە لە باشووری دیمەشقی پێتەختی سووریا ناس کرا ، بە هۆی ترۆمبیلێکی بۆمب ئاخنکراوەوە خۆی تەقاندەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەم تەقینەوەیە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە بە کاتی خۆجێیی لە گەڕەکێکی باشووری پێتەختی سووریا ڕووی داو دوکەڵێکی چڕی لێ بەرز بووەوەو دەنگی تەقینەوەکە لە تەواوی دیمەشق دا بیسترا.
ماڵپەڕی دادیۆو تەلەفزیۆنی سووریا کاژێرێک دوای ئەم تەقینەوەیە، ڕایگەیاند: هێزە ئاسایشتییەکان دوای ناس کردنی ترۆمبیلێکی بۆمب ئاخنکراو بە دوای دا کەوتن و لە نزیکی پردی ئەلوان لە ناوچەی کەفەرسوسە گەمارۆیان دا.
تیرۆریستە خۆکوژەکەش دوای ئەوەی کەوتە گەمارۆی هێزەکانی ئاسایشتەوە، بەر لەوەی بگاتە ئامانجە سەرەکییەکەی ترۆمبیلەکەی تەقاندەوە.
لەم تەقینەوەیەدا هیچ زەبرێک لە شارومەندان نەکەوت.