کانونی دوھەم 11, 2018 10:39 Asia/Tehran
  • کۆنترۆڵی سوپای سووریا بە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبوزەهور لە ئەدلیب

سوپای سووریا توانی کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبوزەهور لە دەڤەری ئەدلیب بگرێتە دەست.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ گرووپە تیرۆریستییەکانی نێو پارێزگای ئەدلیب دانیان نا بەوەیدا کە هێزەکانی سوپای سووریا دەستیان گرتووە بە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبوزەهور. ئەم فڕۆکەخانەیە کە لە دەڤەری ئەدلیبدا هەڵکەوتووە،  زیاتر لە ٢ ساڵ لە ژێر چنگی هێزەکانی گرووپی تەحریروشام (بەرەی نووسرەی پێشوو)دا بووە.

دەگوترێ بە کۆنترۆڵ کرانی فڕۆکەخانەی ئەبوزەهور لە باشووری پارێزگای ئەدلیب لە باکووری ڕۆژاوای سووریا لە لایەن هێزەکانی سوپای ئەم وڵاتەوە، تیرۆریستان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەم فڕۆکەخانەیەدا گەمارۆ دراون.

هێزەکانی سوپای سووریا پێشتریش لە ئاراستەی بەردەوام کردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە تیرۆریستان توانیبوویان دەست بگرن بە سەر یازدە گوندی دەوروبەری شاری ئەدلیب.

پارێزگای ئەدلیب بنکەی سەرەکیی گرووپە چەکدار و بەرهەڵستکارەکانی سووریایە کە تا ئێستا زەبرێکی قورسیان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم پارێزگایە داوە.