کانونی دوھەم 14, 2018 13:45 Asia/Tehran
  • بەردەوام بوونی سەرکەوتنەکانی سوپای سووریا بەرامبەر بە تیرۆریستان

هێزەکانی سوپای سووریا زیاتر لە ٤٠ گوندیان لە دەڤەری باشووری پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا ڕزگار کرد کە لە ژێر چنگی تیرۆریستاندا بوون.

بە پێی راپۆرتی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلئەخبارییە؛ سوپای سووریا هەروەها ژمارێک لە بنکە و حەشارگەکانی گرووپی تیرۆریستیی بەرەی نووسرەی لە باشووری حەڵەب تیا برد.

سوپای سووریا هەروەها پێوەندیی نێوان گرووپە چەکدارەکانی لە نێوان دەڤەری باشووری حەلەب و دەڤەری حەماه (باکووری ڕۆژاوا) تەواو پچڕاندووە . هێزە سوورییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە پارێزگای ئەدلیب (باکووری ڕۆژاوا) ، پەلاماری گرووپە تیرۆریستییەکانی بەرەی نووسرەیان بەرپەرچ دایەوە و زەبرێکی قورسیان لە تیرۆریستان دا.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن گرووپە تیرۆریستییەکان پەلامارەکانی خۆیان چڕ کردبوویەوە لە سەر بنکەی سوپای سووریا لە دەڤەری شاری "سەنجار" و فڕۆکەخانەی "ئەبووزەهوور" لە دەڤەری باشووری ئەدلیب و هەروەها ئۆتۆبیلی بۆمبڕێژکراویان بەکار هێنا، بەڵام هێزەکانی سووریا توانیان ئەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوانە تیا بەرن.

هەروەها دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی دیکەتی تیرۆریستان وەبەر مووشەک کەوت و تیاچوون.

سووریا نزیکەی حەوت ساڵە بە هۆی سەرهەڵدانی گرووپە چەکدار و تیرۆریستییەکانی وەک داعش و بەرەی نووسرە کە لە لایەن ڕۆژاوا و ژمارێک وڵاتی ناوچەکەوە داکۆکییان لێ دەکرێ بەرەوڕووی قەیران بۆتەوە.

بە هۆی پێشڕەویی سوپا و هێزەکانی خۆڕاگری، سووریا پاش چەن ساڵ خۆڕاگری ئێستا لە سەروبەندی سەرکەوتنی تۆکمە و تەواو بە سەر تیرۆریزمدایە.

سەرپەیڤ