کانونی دوھەم 17, 2018 17:39 Asia/Tehran
  • ھەڵوەدا بوونی دانیشتولنی عەفرین لە بەر ھەگەری پێکدادانی سەربازیی تورکیا لە گەڵ شەڕڤانانی کورد

لە ھەل و مەرجێکدا کە دانیشتووانی عەفرینی سووریا لە بەر ھەگەری ڕوودانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا دژی شەڕڤانانی کورد خەریکی بە جێ ھێڵانی ماڵ و حاڵی خۆیانن، ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، پتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس لە بەر پێکدادانەکان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا ھەڵوەدا بوونە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئاناتۆلی، ژێدەرە خۆجێییەکان وایان بڵاو کردووەتەوە کە دەیان کەسی سڤیل لە عەفرین لە باکووری سووریا کە ئاڵۆزی و پێکدادان بە خۆیەوە دەبینێ، بەر لە دەست پێ بوونی ئۆپراسیۆنی شیمانەیی لەشکریانی تورکیا دژی پارتی دیموکراتیکی سووریا ماڵ و حاڵی خۆیانیان بەجێ ھێشتووە.

بە قسەی ئەم سەرچاوانە، دانیشتووانی عەفرین ھانایان بۆ ناوچەکانی ژێر ڕکێفی دەوڵەتی سووریا لە باکووری حەڵەب بردووە.

ئەم سەرچاوانە ڕاشیانگەیاندووە، شێوازێکی ئاڵۆزی بە سەر کەشی شارەکەدا زاڵە، بە جۆرێک کە ئاستی کڕین و فرۆشتن دابەزیوەو شەقامەکان ھەتا ڕادەیەک چۆڵ و ھۆڵن.

ڕۆژی سێ شەممە ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا ھێرشی سەربازی لە سووریا لە دوو شاری مەنبەج و عەفرین لە گردوپەڕی باکووری شاری حەڵەب دەست پێ دەکات و بنکەو مەتەرێزی تیرۆریستان تێک دەشکێنێ.

دوای ئەوەی کە ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، بۆ پێکھێنانی ھێزی سنوور پارێزی تازە داگری سی ھەزار چەکدار لە باکووری سووریا لەگەڵ ھێزەکانی دیموکراتیکی سووریا ھاوکاری دەکات، ئەردوغان لە بارەی ئەنجام دانی ئۆپرسیۆنی سەربازی دژی عەفرین وشداریی دا.

لە لایەکی دیکە، ڕێکخراوەی نەتەوەکان باسی پەرە سەندنی توندوتیژیی کردووە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کە بووەتە ھۆی ھەڵوەدا بوونی پتر لە دووسەد ھەزار کەس لە ناوەڕاستی دیسامبەرو ناوەندەکانی داوو دەرمان لەم ناوچانە تووشی کەم بوونی ھێزی مرۆڤی و کەرەستەو شت و مەکی پزشکین و کۆمەڵێک لە نەخۆشخانەکان لەو ناوچانەدا خزمەتگوزاری و ڕاژەکاریییان پێ ناکرێت.