کانونی دوھەم 18, 2018 20:54 Asia/Tehran
  • خەڕڕازی : بوونی ئەمریکا لە خاکی سووریا نایاساییە

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران پێی داگرت: بوونی ئەمریکا لە خاکی سووریا، ھیچ یارمەتییەکی دامەزرانی ئاشتی لەو وڵاتەدا نادات و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوا ئامادە بوونێک بە نایاسایی دەزانێت.

کەمالی خەڕڕازی سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە پەراوێزی دیداری عەلی حەیدەر وەزیری ئاشتەوایی نیشتیمانیی سووریا لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێران لە دیمەشق وتی: دەوڵەتی سووریاش پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت کە ئەمریکا دەبێ ھەرچی خێراتر خاکی ئەم وڵاتە بەجێ بێڵێ.

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران وتیشی: ئەمریکا دەبێ بھێڵێ جەماوەری سووریا بۆخۆیان پێکەوە وتووێژ بکەن ھەتا ئاشتی دامەزرێنن و بتوانن گرفتەکانی ئێستایان چارەسەر بکەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران پێشی داگرت: وەزارەتی ئاشتەوایی نیشتیمانیی سووریا ھەوڵ دەدات لە نێوان ھۆزو گروپە جۆربەجۆرەکاندا لەوانە تاقمە چەکدارەکان لە خاکی سووریادا ئاشتەوایی نیشتیمانی دامەزرێنێ و ھەوڵی باشیشی لەم بوارەدا داوە.

کەمای خەڕڕازی ڕاشیگەیاند: لەگەڵ عەلی حەیدەر وەزیری ئاشتەوایی نیشتیمانیی سووریا سەبارەت بە ڕێگاکانی چەسپاندن و پێش کەوتنی ئاشتەوایی نیشتیمانی لەم وڵاتەدا وتووێژی کردووەو سەبارەت بە ڕۆڵی دەست و پێوەندە دەرەکییەکان بیروڕایان  گۆڕیوەتەوە.

عەلی حەیدەر وەزیری ئاشتەوایی نیشتیمانیی سووریاش ڕایگەیاند: زۆربەی تاقمەکانی سووریا لە سەر پێشکەوتنی ئاشتەوایی نیشتیمانی پێداگرن و لەم بوارەدا ھەنگاوی باشیش ھەڵگیراوە.

عەلی حەیدەر وەزیری ئاشتەوایی نیشتیمانیی سووریا وێڕای ئاماژە کردن بە پەیوەندییە لەمێژینەکانی نێوان ئێران و سووریاش ڕایگەیاند: ھەردووک وڵات ئێستاکە لە مەتەرێزێکدان و پێکەوە سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن.

کەمالی خەڕڕازی سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەشداری لە دووھەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی (عەرەبەکان و ئێران بەرەو داھاتوویەک ھاوبەش، ئاسایشت، سەقام  و ھاوکاری) سەردانی لوبنانی کرد بوو، ڕۆژی پێنج شەممە لە ڕێگای ئەم وڵاتەوە گەییشتە سووریا.

سەرپەیڤ