کانونی دوھەم 21, 2018 20:38 Asia/Tehran
  • کوردەکانی سوریا : نەیاری پێشنیارەکەی ڕووسیاین

بەرپرسێکی باڵای کوردەکانی سووریا ڕایگەیاند: کوردەکانی عەفرین پێشنیاری ڕووسیا لە بارەی ڕادەست کردنی ئەم شارە قەبووڵ ناکەن و سوورن لە سەر پووچەڵ کردنەوەی پیلانەکەی تورکیا و بەرەڤانی کردن لە عەفرین.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕووسیا ئەلیەوم ، ئاڵدار خەلیل لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی جڤاکی دیموکراتیکی کوردەکانی سووریا لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی دا ڕایگەیاند: ڕووسیا داوای لێکردووین ناوچەکانی خۆمان ڕادەست بکەین، بەڵام ئێمە پێملی ئاوا پێشنیارێک نابین.

یەکینەکانی پاراستنی گەلیش لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاندووە: ئێمە باش دەزانین کە سوپای تورکیا بەبێ ڕەزامەندیی هێزە جیهانییەکان و لە سەرەوەی هەموویانەوە ڕووسیا کە هێزەکانی لە عەفرین دا مۆڵ داوە ئەم هێرشانەی ئەنجام نەدەدا، هەر بۆیە ئێمە هەر بەو ڕادەیەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە بەرپرسی ئەو هێرشانە دەزانین، ڕووسیاش بە بەرپرسی ئەو هێرشانەو هەر جۆرە قەڵاچۆو کوشت و بڕێک دژی خەڵکی سڤیلی ئەم ناوچەیە دەزانین.

لە درێژەی بەیاننامەکەی یەکینەکانی پاراستنی گەل دا هاتووە: ئامانجی سوپای تورکیا لەو بوردومانانە چۆڵ کردنی عەفرین، ناچار کردنی خەڵکی سڤیا بۆ بەجێ هێڵانی ماڵ و حاڵی خۆیان و پاشان سەقامگرتنی بەکرێگیراوانی خۆی لەم ناوچەیەدایە.

لە هێرشی ئاسمانیی تورکیا کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە بەشداریی 73 فڕۆکەی شەڕکەر ئەنجامی گرت، لانیکەن سەد ناوچە لەوانە بڕێک لە ناوچە مەدەنییەکان و بنکەو مەتەرێزی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە شاری عەفرین و گردوپەڕی کەوتنە بەر پەلامار.

بە پێی هەواڵێکی دیکە، کوردەکانی سووریا دوو تانکی سوپای تورکیایان تێک شکاندووە.

ژێدەرە کوردییەکانی سووریا باسی شێکێندرانی دوو تانکی سوپای تورکیایان کردووە لە گردوپەڕی ئاوایی شەران لە نزیکی شاری عەفرین هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژئاوای حەڵەب.