شوبات 10, 2018 19:32 Asia/Tehran
  • پەسنی گرووپە خۆڕاگرەکان لە وەڵامدانەوەی سووریا بە پەلامارەکانی ئەم دواییەی رژیمی زایۆنیستی

گرووپە خۆڕاگرەکان پەسنی هەوڵی سوپای سووریایان دا لەمەڕ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی دەسدرێژکاری ئێف-١٦ی رژیمی زایۆنی.

ناوەندی بەرگریی ئاسمانیی سووریا ئەمڕۆ شەممە لەوەڵامدانەوە بە پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە، فڕۆکەیەکی ئێف ١٦ی ئەو رژیمەی خستەخوارەوە.

پاش خرانەخواری ئەو فڕۆکە، رژیمی زایۆنی پەلامارەکانی بۆسەر سووریای دەس پێ کرد بەڵام بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرەنگاری ئەو پەلامارانەش بۆوە.

کەناڵی ئەلعالەم ئەمڕۆ شەممە بەگێڕانەوە لە سەرچاوە فەلەستینییەکان، ڕایگەیاند، بەرەی رزگاریدەری فەلەستین وێڕای ڕاگەیاندنی هاودەنگی تۆکمە لەگەڵ سووریا لەهەمبەر دەسدرێژکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی، داکۆکیی کرد لە هەوڵی دەمشق بۆ خستنەخواری فڕۆکەی جەنگیی زایۆنی و داوای لە ڕەوتە سیاسییەکانی جیهانی عەرەب کرد ، لە حکومەت وگەلی سووریا لەهەمبەر زەخت وگوشارەکانی رژیمی زایۆنی داکۆکی بکەن.

خەباتکارانی گوردانەکانی عیزەدین قەسسام لقی سەربازیی حەماسیش بەمەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی هەرچەشنە دەسدرێژکارییەکی رژیمی زایۆنی دوای ڕووداوەکانی باکووری فەلەستینی داگیرکراو، کەوتنە حاڵەتی ئامادەبوون و ڕایانگەیاند: ئامادەباشیی هێزەکانمان بەئامانجی داکۆکی لە گەلەکەمان و کاردانەوە بەهەرچەشنە دەسدرێژکارییەکی رژیمی زایۆنییە.

گوردانەکانی حیزبوڵڵای عێراقیش پەسنی کاردانەوەی سووریای کرد بەرامبەر پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنیستی و بە بڕیارێکی ژیرانەی ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان وێڕای شەرمەزار کردنی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکی سووریا، جەختی کرد لەسەر مافی ڕەوای دەمشق بۆ بەرەڤانی لە خۆی و ڕایگەیاند، لەدژ رژیمی زایۆنیستی سکاڵا دەباتە لای ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ژووری هەڵمەتی هاوبەشی هێزە هاوپەیمانەکانی سووریا لەخاکی ئەو وڵاتەش لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەمەودوا لەهەمبەر کردە تیرۆریستییەکانی رژیمی زایۆنیستی بێ دەنگ نابێ و وەڵامێکی جیددی دەداتەوە.

محەممەد عەلی ئەلحوسی سەرۆکی لێژنەی باڵای ڕاپەڕینی یەمەنیش پێشوازی کرد لە خرانەخواری فڕۆکەی جەنگیی ئێف١٦ی رژیمی زایۆنی بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سووریاو بە هەنگاوێکی گرینگی زانی.

ڕەوتی جەماوەریی تونسیش لەبەیاننامەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی لە سووریا لەبەر خستنەخواری فڕۆکەی ئێف١٦ی رژیمی زایۆنیستی، بەگۆڕانکارییەکی ستراتژیکی ناوبرد لە بەرەوڕووبوونەوەی مەزنی ئەو رژیمە.

سەرپەیڤ