شوبات 14, 2018 15:41 Asia/Tehran
  • چەواشەکاریی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئەردەن دژی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بانگەشەی کرد، ئامادە بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا سەرچاوەی تێکچوونی سەقامی ناوچەکەیە.

ڕێکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش دا لەگەڵ ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئەردەن لە شاری ئەمان ڕایگەیاند، ئێران و هێزەکانی و تەواوی ئەو تاقمانەی لە لایەن ئێرانەوە داکۆکییان لێ دەکرێت، دەبێ لە سووریا بچنە دەرەوە.

ئەم بابەتە لە هەل و مەرجێکدا باسی دەکرێت کە عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی ڕۆژی چوار شەممە لە تاران دا پێی داگرت کە، ئێران بە پێی بانگێشتنی فەرمیانەی دەوڵەتی سووریا، لەو وڵاتەدا ئامادە بووە، کەوا بوو کەسانێک دەبێ سووریا بەجێ بێڵن کە بەبێ بانگێشتنی دەوڵەتی سووریا هاتوونەتە نێو ئەو وڵاتەوە.

ئەمریکا بە بیانووی خەباتی دژی ئەو تیرۆریزمەی کە بۆ خۆی لە پێکهاتنی دا دەستی هەبووەو بەبێ مۆڵەتی دەوڵەتی سووریا لە باکووری ئەو وڵاتە هێزەکانی مۆڵ داوەو چەند پێگەیەکی سەربازیشی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا دامەزراندووە.

ڕێکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  هەروەها بەبێ سەرنج دانی ڕۆڵی تێکدەرانەی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە تایبەت لە سووریاو فەلەستین بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری وڵاتەی پێبەندی دامەزرانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینە.

ڕێکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر پێکران و داکەوتنی فڕۆکە شەڕکەرەکەی ئیسرائیلیش لە لایەن یەکەی دژی ئاسمانیی سووریاوە کاردانەوەی پیشان داو سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە جۆلانی داگیرکراویش نیگەرانیی دەربڕی.

ڕێکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها سەبارەت بە چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لەو وڵاتەش دا وتی: دەبێ دان بەوەدا بنرێت کە حیزبوڵڵا بەشێکە لە ڕەوتی داهاتووی سیاسی لە لوبنان.

قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 بە هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆریستانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە  پشتیوانییان لێ دەکرێت، سەری هەڵدا. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە هەتاکوو ئێستا سەدان هەزار کەس کوژراون و یان بریندار بوونەو ملوێنان کەسیش ئاوارەو هەڵوەدا کراون.

 

 

 

سەرپەیڤ