شوبات 15, 2018 08:28 Asia/Tehran
  • بەشار جەعفەری: ئامانجی پاوانخوازانەی ڕۆژاوا، زەبرو  زیان زۆری لە سووریا داوە

نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئەمریکا هاوڕێ لەگەڵ بەریتانیا و فەرانسا، سووریایان بەرەوڕووی قەیرانێک کردۆتەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجە پاوانخوازانەکانی خۆیان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "بەشار جەعفەری" ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە دیسان سەبارەت بە سووریا بەڕێوەچوو، بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە هاوپەیمانی بە فەرماندەرێتیی ئەمریکا بە لەونێک جوڵاوەتەوە کە ڕێگای داوە بە هاتنی هێزەکانی داعش بۆ سووریا و پێکهێنانی بنکە و بارەگا لەم وڵاتەدا، راشیگەیاند: هاتنی هێزی ئەمریکایی بۆ سووریا بنپێ کردنی مافی دەسەڵاتدارێتیی وڵاتێک و دژ بە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بە داگیرکرانی بەشێک لە سووریا لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە وتی: ئەمریکاییەکان هەروەک چۆن هێرشیان کردە سەر عێراق، هەر هەلێک دەقۆزنەوە بۆ مانەوە لە سووریادا.

نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بەوەی کە سووریا یەکەم قوربانیی یاسابەزێنییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و زلهێزەکان نییە، ڕاشکاوانە رایگەیاند: کاتێک کە ئیزنی ئەوەیان بە فەلەستین نەدا کە وڵاتێکی سەربەخۆی هەبێ، کاتێک هێرشیان کردە سەر عێراق و لیبی و بوونە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوە جەهادی و تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان؛ ئەی ئەو کاتە ئەنجومەنی ئاسایش لە کوێ بوو؟

ئەمریکا و چەن وڵاتی هاوپەیمانی خۆی، لە ئاگوستی ٢٠١٤ـەوە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش، بە دەر لە چوارچێوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە بێ هەواهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا هاوپەیمانییان پێکهێناوە.

ئەم هاوپەیمانییە ئەمریکاییە تا ئیستا هەژمارێکی زۆر لە شاروومەندانی بێ تاوانی سووریای لە پارێزگاکانی دەیروزور، ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕەقە و حەڵەب (باکووری سووریا) لە خاک و خوێندا گەوزاندووە.

 

سەرپەیڤ