نەیاریەتیی تاقمە چەکدارەکان لە غووتەی ڕۆژهەڵاتی لە گەڵ ڕاگیرانی تێکهەڵچوونەکان
ناوەندێکی ڕووسیی چالاک لە بواری ئاشتیی نێوان لایەنە تێکهەڵچووەکان لە سووریا ناسراو بە ناوەندی حەمیمیم ڕایگەیاند: کەسانی چەکدار لە غووتەی ڕۆژهەڵاتی لە ڕیفی دیمەشق وەڵامی بە داخوازیەکان بۆ ڕاگیرانی تێکهەڵچوونەکان و چەک داماڵینیان نەداوەتەوە .
بە گوێرە ی ڕاپۆڕتی ئیسنا ؛ سەرلەشکەر یوری یفتشنکۆ ؛ سەرۆکی ناوەندی حەمیمیم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند : کەسانی چەکدار لە غووتەی ڕۆژهەڵاتی بە داخوازیە پەیتاپەیتاکانی سەربازانی ئێمە بۆ ڕادەست کردنی چەکەکانیان و دەسپێکی ڕەوتی وتووێژەکان وڵامی ئەرێنیان نەداوەتەوە . ناوبراو وتیشی : چەکدارەکان بە خەڵکی سیڤیل ڕێگا نادەن لە ناوچە بڕۆنە دەرەوەو دۆخی مرۆیی لەو ناوچەیە زۆر مەترسیدارە . سەرلەشکەر یفتشنکۆ ڕاشیگەیاند: دیمەشق و گوندەکانی دەورووبەری لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دەیان پەلاماری بەهاوەن بوونەتەوە . دیمتری پسکوف وتەبێژی کرملین بە گشتیی تۆمەتەکان لە بواری دەس هەبوونی ڕووسیا لە کوشتاری کەسانی سیڤیل لە غووتەی ڕۆژهەڵاتی ڕەت کردووەتەوە . ناوبراو وتویەتی: بەرپرسایەتی بارودۆخەکە لە غووتەی ڕۆژهەڵاتی بە ئەستۆی وڵاتانێکە کە پشتیوانی لە تڕۆڕیزم دەکەن . بە پێی هەواڵێکی دیکە ئەنجومەنی ئاسایش ئەمڕۆ بە پێی داخوازی ڕووسیا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ لێکدانەوەی ڕووداوەکانی غووتەی ڕۆژهەڵاتی بەڕێوە دەبات لە حاڵێکدا کە فەڕانسا ئیتالیا سووئید و میسر خوازیاری ئاگربڕی یەک مانگەی خێران . ئانتونیو گوترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکانیش داوای لە هەموو لایەنەکانی هاوپەیوەند کردووە کە چالاکی جەنگیی خۆیان لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی ڕابگرن و ڕێگا بۆ گواستنەوەی یارمەتیەکان بۆ ئەو ناوچەیە بدەن . ناوبراو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی وتی : بە توندی لە ڕەنجی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کە ژومارەیان دەگاتە 400 هەزار کەس نیگەران و ناڕەحەتم و ئەوان لە" جەهەندەمێک دا لەسەر زەوی" دەژین . نێردراوی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ سووریا هیواداریی دەربڕی ئەنجومەنی ئاسایش ڕەزامەندی دەرببڕێت لە گەڵ بڕیارنامەیەک کە کۆتایی بێنێ بە توند و تیژیەکان لە غووتەی ڕۆژهەڵاتی ڕیفی دیمەشق . ناوبراو لە هەمان حاڵدا وتی : دامەزراندنی ئاگربڕ لەو ناوچەیە دژوار دەبێت .