ئادار 18, 2018 11:29 Asia/Tehran
  • خۆپیشاندانی بە هەزاران کورد لە ئەڵمان دژ بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە عەفرین

هەزاران کورد ڕۆژی شەممە لە شاری هانۆڤەری ئەڵمان دژ بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە شاری عەفرینی سووریا و گرێبەستی فرۆشتنی چەکەمەنی لە نێوان بەرلین و ئانکارا خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ بە گێڕانەوە لە دۆیچەوێلە؛ زیاتر لە ١٠ هەزار ناڕازیی کورد و پشتیوانانیان بە لافیتەکانی دەستیانەوە کە لە سەریان نووسرابوو "نەورۆز یانی بەرخۆدان" ، لەو خۆپیشاندانە ئاشتیانەیەدا بەشدارییان کرد.

بەشداربوانی ئەو خۆپیشاندانەی ڕۆژی شەممە ، پاش پێوانی ڕێگایەک لە بەردەوام ماڵی ئۆپەرای هانۆفەر کۆ بوونەوە و درووشمیان دژ بە "ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا و بۆ پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هەڵدا.

ژمارێک لە گرووپەکانی پشتیوانی پارتی چەپخوازی ئەڵمانیش کە خوازیاری هەڵوەشانەوەی گرێبەستە چەکەمەنییەکانی نێوان بەرلین و ئانکاران، لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارییان کرد. "زیگمار گابرییەل" وەزیری دەرەوەی ئەڵمان پێشتر بە پێداگری لەسەر پێویستیی دەست پێ کرانەوەی وتووێژی نێوان گرووپە سوورییەکان، داوای لە تورکیا کردبوو کە کۆتایی بێنێ بە چالاکیی سەربازیی خۆی لە باکووری سووریا.

سوپای تورکیا لە ٢٠ی ژانڤییەوە ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی چڵەزەیتوون لە شاری عەفرین هەڵکەوتوو لە باکووری سووریا دەست پێ کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئامانجی لە پەلاماردانی ناوچەی عەفرین تیابردنی ئەو گرووپانەیە کە بە تیرۆریستان ناو دەبات. ئەم ئۆپەراسیۆنە کە بۆتە هۆی قووڵتر و نالەبارتر بوونی قەیران لە ناوچە سەرسنوورییەکانی نێوان تورکیا و سووریا، تا ئێستا کاردانەوەی نێودەولەتی زۆری بە دواوە بووە.