ئادار 20, 2018 07:43 Asia/Tehran
  • سووریا خوازیاری چوونەدەری هێزە دەسدرێژکارەکان بوو لە عەفرین

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەمیانەی چەند نامە بۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان و سەرۆکی خوولی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە داگیرکرانی شاری عەفرین"ی وڵاتەکەی لەلایەن سوپای تورکیاو دڕندەکاریی هێزە دەسدرێژکارەکان ئەو ڕژیمە دەرهەق بە گەلی ئەو شارەی شەرمەزار کردو خوازیاری چوونەدەری خێرای هێزە داگیرکەرەکان بوو لە خاکی سووریا .

سوپای تورکیا بەهاوکاریی گرووپی چەکداری ناسراو بە"سوپای ئازادی سوریا" لە بیستی ژانڤییەی٢٠١٨ـەوە پەلامارە سەربازییەکانی بەئامانجی ڕاگەیێندراوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە عەفرین لەباکووری سووریا دەس پێ کردووە.

تورکیا هەروەها مەبەست لە پەلاماردانی عەفرین لەباکووری سووریای، لەناوبردنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە)، پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا(پەیەدە) ، یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریا(یەپەگە) لە عەفرین ڕاگەیاندووە.

حکومەتی سووریا چەندین جار، دەسدرێژکاریی سەربازیی تورکیای لەخاکی وڵاتەکەی، بە کردەیەکی داگیرکەرانەو پێشێلکەری سەروەریی خۆی زانیوەو ئیدانەی کردووە.

زۆربەی دانیشتووانی شاری٣٥٠هەزار کەسیی عەفرین پاش دەسدرێژکاریی هێزەکانی تورکیاو گرووپی چەکداری ناسراو بە سوپای ئازادی سووریا، ناچار بوون ماڵەکانیان جێ بێڵن.

پێشێلکرانی سەروەریی نیشتمانیی سووریا لەلایەن سوپای تورکیاوە ، چەندین جار لەلایەن کۆمەڵگا جیهانییەکان و حکومەتە بێ لایەنەکان، شەرمەزار کراوەو تەنانەت نەیارەتی لەناوخۆی تورکیاشی بەدواوە بووە.

تائێستا زیاتر لە هەزار کەس لە نەیارانی ئەو دەسدرێژکارییەی تورکیا لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە و گیراون.

سەرپەیڤ