ئادار 23, 2018 19:20 Asia/Tehran
  • ئەمریکا مەنبەج بەجێ ناھێڵێ

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا پێی داگرت: سەرباری لێبڕانی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی باکووری سووریا لە چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، ئەمریکا بەتەما نییە شاری مەنبەج بەجێ بێڵێ.

بەپێی ڕ اپۆرتی ئیسنا بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئاناتۆلی، ھیدێرناوئێرت وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕەوتی پرێس کۆنفرانسێک دا لە وەڵامی پرسیارێک لە پەیوەندی لەگەڵ ھەڵوێستی واشێنگتۆن لە بارەی مەنبەجەوە وتی: ھێزەکانی ئەمریکی لە مەنبەج دا سەقامگیرن و ئێمە ڕاشکاوانە بە دەوڵەتی تورکیامان ڕاگەیاندووە  کە ئۆپراسیۆنی خۆمان لەم ناوچەیەدا بەردەوام دەکەین.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بە پێکھاتنی سێ لێژنەی تەکنیکیی تورکیاو ئەمریکا بۆ چار ەسەریی کێشەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە وتیشی: دانوستان لەگەڵ ئانکارا ھێشتا تەواو نەبووەو واشێنگتۆن ھۆگری ئەوەیە کە ئەم دانوستانانە بەردەوام بکرێن.

ھێزەکانی تورکیا لە بەرواری بیستی ژانویەی ئەمساڵە زایینییە ھێرشێکی سەربازیی بەربڵاوی بۆ پاکتاو کردنی عەفرین لە بوونی شەڕڤانان دەست پێ کرد. ئانکارا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بێتوو تاقمەکانی پەکەکەو یەپەگە لە مەنبەج نەکشێنەوە ھێرشەکانی بەرەو ئەو شارەش درێژە پێ دەدات.

لەگەڵ ئەمەش دا پشتیوانیی ئەمریکا لەم پارتانە کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێ، بووەتە ھۆی خەوشێندرانی پەیوەندییەکانی نێوان ئانکاراو واشێنگتۆن و ئەم نیگەرانییە لە ئارادایە کە تێکھەڵچوونێکی قورس لە نێوان ھێزەکانی ئەم دوو ھاوپەیمانەی ناتۆ ڕوو بدات.