نیسان 06, 2018 14:57 Asia/Tehran
  • زۆرتر بوونی هەژماری هێزی ئەمریکایی، فەرەنسی و بەریتانی لە باکووری سووریا

یەکێک لە فەرماندەرانی سەر بە هێزەکانی دیموکراتیکی کوردی سووریا ڕایگەیاندووە کە هەژماری هێزی سەربازیی ئەمریکا، بەریتانیا وفەرانسا لە مەنبج هەڵکەوتوو لە باکووری سووریا زیاتر دەبێ.

"خەلیل بەزی" نوێنەری هێزەکانی دیموکراتیکی کوردی سووریا لە وتووێژ لەگەڵ سپۆتنیک بە ئاماژە بە قسە و لێدوانەکانی کاربەدەستانی تورکیا سەبارەت بە لەشکەرکەشیان بۆ سووریا وتی: ئەمریکا و فەرانسا هەژماری هێزی خۆیان لە مەنبج زیاتر کردووە و بەریتانیاش لەم ناوچەیەدا هێزی سەقامگیر کردووە.

"خەلیل بەزی" وتیشی: ئەمریکا بە سەقامگیر کردنی هێزە تایبەتەکانی لە نزیکی چۆمی "ساجور" هێڵێکی سووریا دیاری کردووە کە تێپەڕین لەو هێڵی سوورە ، کاردانەوەی توندی هێزەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکایی بە دواوە دەبێ.

ئەم فەرماندەرە سەربازییەی کوردی سووریا هاتنی هێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ مەنبجی بە نیشانەی یەکنەگرتنی تورکیا و ئەمریکا سەبارەت بەم ناوچەیە زانی و ڕاشکاوانە رایگەیاند: ئەنجومەنی سەربازیی مەنبجیش سوور و پێداگرە لە سەر ئەوەی کە بێتوو پەلامارێک بکرێتە سەر ئەم ناوچەیە خۆڕاگری بکات.

پێشتر هەواڵدەریی دەوڵەتیی ئاناتوولیی تورکیا ڕاپۆرتی دابوو ئەمریکا لە سەرەتای ئاپریلی ئەمساڵەوە هەژماری هێزەکانی خۆی لەمەنبج زیاتر کردووە.

بە پێچەوانەی بانگەشەی ئەمدواییەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە چوونەدەری بەم زوانەی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە لە سووریا، ئەمریکا ئێستا خەریکی دانانی دوو بنکە لە باکووری گوندی "دادات" لە شاری مەنبجی سووریایە کە لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە کوردییەکانی وەک "پەکەکە" و پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردی سووریا "پەیەدە" دایە.

هێزی ئەمریکایی ئێستا ناوەندێکی چاوەدێریشیان لە ناوچەی مەنبج داناوە.

ئەمریکا لە ساڵانی ئەمدواییەدا گەلێک جار بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریا، ئەم وڵاتەی خستۆەتە بەر پەلاماری هێزەکانی خۆی. دیمەشقیش بەردەوام هاتنی هێزی سەربازیی واشینگتۆن بۆ سووریای بە کردەوەیەکی داگیرکەرانە و بنپێکەری مافی دەسەڵاتدارێتیی خۆی زانیوە و ئیدانەی کردووە.

سەرپەیڤ