نیسان 18, 2018 20:13 Asia/Tehran
  • پێنج ھەزار تیرۆریست ناوچەی ئەلزەمیر لە گردوپەڕی دیمەشق چۆڵ دەکەن

بە پێی ڕێککەوتنێکی سوپای سووریا لەگەڵ چەکدارانی تاقمی تیرۆریستی جەیشولئیسلام ، بڕیار وایە پێنج ھەزار تیرۆریست بە خۆیان و بنەماڵەکانیانەوە لە ناوچەی ئەلزەمیر بچنە دەرەوەو بگوێزرێنەوە بۆ ناوچەی جرابلۆس لە حەڵەب.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ھەواڵدەریی فارس بەگێڕانەوە لە ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا(سانا)، تیرۆریستانی جەیشولئیسلام بەشێک لە چەکەمەنی و کەرەستەو تفاقی قورسی خۆیانیان لە ناوچەی ئەلزەمیر لە گردوپەڕی دیمەشق ڕادەستی سوپای سووریا کردووە. ئەم کارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا ئەنجام دەگرێت کە چەکدارانی جەیشولئیسلام لەگەڵ دەوڵەتی سووریا گرێیان داوە.

ڕێککەوتنی چوونە دەرەوەی چەکدارانی تاقمی تیرۆریستی جەیشولئیسلام لە ناوچەی ئەلزەمیر دوای چوونە دەرەوەی ئەم تاقمە لە شاری دوما لە غوتەی ڕۆژھەڵاتی و ڕزگار کرانی ئەم شارە لە لایەن سوپای سووریا لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ئەنجامی گرتووە.

ھەواڵێکی دیکە ئەمەیە کە سوپای ڕووسیا باسی دۆزرانەوەی ھەمارێکی کەرەستەی پێویست بۆ بەرھەمھێنانی چەکی کیمیایی کردووە لە شاری دوما کە لە لایەن نەیارانەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە.

ئیگۆر نیکۆلین لە کارناسانی سەربازیی ڕووسیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ سپۆتنیک وتوویەتی: ئەم کەرەستە دۆزراوانە لە تاقیگەیەک دا بووە کە داگری ئەم ڕێئاکتۆرە کیمیاییەیەو لە شریتێکی ڤیدیۆیی دا پیشان دەدرێت و دروستکراوی ڕۆژئاواو بە شیمانەی زۆرەوە بریتانیا یان ئاڵمانیایە. ئەم تاقیگەیە لە لایەن تاقمە چەکدارەکانەوە بۆ بەرھەمھێنانی کەرەستەی ژاراوای بەکار ھێنراوە.

ئەمریکا بە ھاوبەشیی بریتانیاو فەرانسا سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە چواردەی ئاپریلی ٢٠١٨ بە بیانووی بەکارھێنرانی چەکی کیمیایی لە ناوچەی دوما لە گردوپەڕی دیمەشق و بوختان کردن بۆ دەوڵەتی سووریا لە بارەی ئەم بانگەشەیەوە بە بێ مۆڵەتی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھێرشی موشەکییان کردە سەر ئەم وڵاتە.

دوای ئەم ھێرشە موشەکییە باس و خواستی زۆر سەبارەت بە یاسایی بوون  یان یاسایی نەبوونی ئەم ھێرشە موشەکییە و ڕۆڵی ڕۆژئاوا لە سووریادا ھاتە ئاراوە.

بە پێی دان پیادانانی زۆرێک لە کارناسان و لێکۆڵەران، ئەم ھێرشە موشەکییە لە سەر بنەمای ھێندێک پاسای بێ بەڵگەو نایاسایی ئەنجامی گرتووە.

 

 

سەرپەیڤ