نیسان 20, 2018 14:02 Asia/Tehran
  • پەلاماری سەر داعش بە هەواهەنگیی دیمەشق، تاران و مۆسکۆ ئەنجام درا

وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئێراق ڕایگەیاند: پەلامارە ئاسمانییەکانی سوپای ئەم وڵاتە بۆ سەر بنکە و مەتەرێزەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەی سەرسنووریی نێوان سووریا و ئێراق، بە هەواهەنگیی دیمەشق، تاران و مۆسکۆ ئەنجام دراوە.

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئێراق؛ ڕۆژی پێنجشەممە بە فەرمانی حەیدەرعەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە بنکە و هێزەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە سووریا بۆردومان کرد.

"تەحسین خەفاجی" وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئێراق لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی سپۆتنیک وتی: پەلامارەکانی هیزی ئاسمانیی ئێراق بۆ سەر بنکە و هێزەکانی داعش پاش هەواهەنگی لەگەڵ ناوەندی ئەمنیی هاوبەش جێبەجی کرا کە ئەندامانی بریتین لە سووریا، ئێران، ڕووسیا و ئێراق.

خەفاجی پەلاماری ئاسمانیی بۆ سەر بنکە و هێزەکانی داعش لە سووریای بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربەخۆ و جیا لە ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا هێنایە ئەژمار و وتیشی: لەم پەلامارەدا شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردەکان و چەکدارانیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە نێو سووریا وەبەر پەلامار کەوت.

 وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئێراق هەروەها جەختی کرد؛ بێتوو دیسان زانیاری سەبارەت بە لەئارادا بوونی مەترسیی بۆ سەر خاکی ئێراق بگاتە دەستمان، ئەو چەشنە پەلامارانە درووست هەر بەو لەونە دووپات دەکەینەوە.

پێشتریش فڕۆکە جەنگیەکانی ئێراق بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی دیمەشق، بنکە و هێزەکانی داعشیان لە نێو خاکی سووریا بۆردومان کردبوو.

سەرپەیڤ