نیسان 21, 2018 12:28 Asia/Tehran
  • تەسلیم بوونی تیرۆریستانی داعش بە سوپای سووریا

لەدرێژەی ئۆپراسیۆنی سەربازیی سوپای سووریا لەدژ گرووپی تیرۆریستیی داعش لە گەڕەکی حەجەرولئەسوەدا و ئۆردوگای یەرموک لەباشووری دەمشق(پایتەختی سووریا) ، تیرۆریستان خۆیان تەسلیمی هێزەکانی سووری کرد.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی کەناڵی ئەلمەیادین، تیرۆریستانی داعش پاش پەلاماری مووشەکی و تۆپخانەیی سوپای سووریا لەدژ مۆڵگەی تیرۆریستان بەنیشانەی خۆبەدەستەوەدان ئاڵای سپیان بەسەر بیناکانی ئۆردوگای یەرموک و حەجەرولئەسوەد بەرزکردەوەو خوازیاری ڕاگرتنی بۆردومانی پێگەکانی لەو ناوچانە بووە.

پاش بێ ئاکامیی ڕێککەوتنی رۆژی پێنج شەممەی سوپای سووریا لەگەڵ داعش بۆ چوونەدەر لە حەجەرولئەسوەد و یەرموک کە بڕیاربوو تیرۆریستانی داعش و خێزانەکانیان لەوناوچانە بچنە دەر و بۆ ناوچە بیاوانییەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات کە هەروا لەکۆنترۆڵی داعش دایە، بگوێزرێنەوە، سەرچاوە سوورییەکان ئەگەری پێبەندبوونی دووبارەی تیرۆریستان بە ڕێککەوتنەکەیان ڕاگەیاند.

هەرلەوپەیوەندییەدا، ئاژانسی فریاکەوتن و دۆزینەوەی هەلی کارکردنی ئاوارە فەلەستینیەکان(ئانرۆوا) لە دەمشق وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە پەلاماری بەرفراوان بۆسەر ئۆردوگای یەرموک و چارەنووسی کەسانی سیڤیلی دانیشتووی ئەو ئۆردوگایە ڕایگەیاند: جگە لەبوونی نزیک بە شەش هەزار ئاوارەی فەلەستینی لەناو ئەو ئۆردوگایە، شەش هەزار کەسی دیکەش لەناوچەکانی دەورووبەرن کە ژمارێکی زۆریان کۆچیان کردۆتە ناوچەی یەلدا.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە سورییەکان ڕایانگەیاند؛ ١٢ سەربازی سووری لە تێکهەڵچوون لەگەڵ گرووپی بەرەی نوسرە لەباکووری پارێزگای لازقییە(ڕۆژاوای سووریا) کوژران.

هەروەها فەرماندەی پۆلیسی دەمشق ڕایگەیاند، کچێک بەهۆی دەسڕێژی تیرۆریستان لە باڵەخانەیەک هەڵکەوتوو لەنێوان ناوچەی ئەلزاهرەو ئەلمەیدان لەباشووری پایتەخت بریندار بووە.

بەقسەی بەرپرسانی سووری، تیرۆریستان پاش شکست هێنان لە شەڕە مەیدانییەکان بەتایبەت غوتەی ڕۆژهەڵاتی لە گردووپەڕی دەمشق، پەلاماری بەهاوەن بۆسەر کەسانی سیڤیلیان خستۆتەسەرووی تاوانکارییەکانیان.