بەشار ئەسەد: ئەگەر وا هەست بکەین کە ئێران پێویستی بە پێگەی سەربازییە لە سووریادا ، هیچ لارییەکمان لەم بوارەدا نییە
سەرۆک کۆماری سووریا وتی: ئەگەر لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێرانییەکاندا وا هەست بکەین کە ئێران پێویستی بە پێگەی سەربازییە لە سووریادا ، هیچ لارییەکمان لەم بوارەدا نییە .
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعالەم وتی: ئەمڕۆکە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێرانییەکاندا ئەگەر وا هەست بکەین کە بوونی پێگەی سەربازیی ئێران لە سووریادا پێویستە، بێ هیچ دوودڵییەک قەبووڵی دەکەین.
ناوبراو وتیشی: سووریا پێگەی ئێرانی لێ نییە، چونکو ئێرانییەکان داوایان نەکردووە . ئێمە هەر لە هەمان سەرەتای شەڕەوە داوامان لە ئێرانییەکان کرد کە لە سووریادا ئامادە بن.
ئەسەد وتیشی: ئێمە هەر لە هەمان سەرەتاوە لە ئێرانییەکان و ڕووسەکان داوامان کرد لە سووریا ا ئامادە بن، چونکو پێویستمان بە یارمەتیی ئەم وڵاتانە هەبوو و ئێران وەڵامی ئەرێنیی داینەوە.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا وتیشی: دەبێ ڕاشکاوانە پێ لە سەر ئەوە دابگرم کە پەیوەندیی سووریاو ئێران پەیوەندییەکی ستراتژیانەیە و ناکەوێتە ژێر کاریگەریی باکوورو باشوورەوە. ئەم پەیوەندییانە بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە گرێ دراوی ئێستاو داهاتووی ناوچەکەیەو ناکەوێتە ژێر کاریگەریی نرخەکانی بازاڕی نێونەتەوەییەوە. نەسووریاو نەئێرانیش قەت لە بازاڕی سیاسیی نێونەتەوەیی دا باسی ئەو پەیوەندییانە ناکەن، هەتا بکرێت بە هەوێنێک بۆ سازان. ئەوەی وا لە گۆڕێ دایە گەڵاڵەیەکی ئیسرائیلییە و ئامانجەکەی تووشی کێشە کردنی ئێرانە . هەڵبەت لەم بوارەدا نابێ هاوتەریبی لەگەڵ پڕوپاگەندەی نێونەتەوەیی لە سەر دۆسیەی ناڤۆکی دژی ئێرانیشمان لە بیر بچێت کە هەرهەموویان پێکەوە گرێ دراون.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی وتیشی: بڕیاردان لە بارەی سووریاوە بەس بۆ سوورییەکان دەبێ . ئێمە لە پێکدادانێکی هاوسەنگ داین و ئەگەریش بڕیارێکمان لە بارەی ئێرانەوە هەبێت، لە گەڵ خودی ئێرانییەکاندا قسە دەکەین و لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکەدا نادوێین.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا پێشی داگرت: ئێمە قەت هێرشەکان بێ وەڵام ناهێڵینەوە و وەڵامدانەوەی ئیسرائیلیش لە بەقەدەر تواناییە سەربازییەکانمان ڕاناگرین و دیارە بە هەر ڕادەیەکیش ئاستی ئەو تواناییانە بەرزتر بێتەوە وەڵامەکەی ئێمەش بەهێزتر دەبێت. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە بەهێزترین وەڵام دانەوەی ئیسرائیل هەڵکوتانە سەر بنکەکانیان لە نێو سووریادایە، هەڵبەت مەبەستمان بەس ئەو تیرۆریستانە نین کە بە ئاشکرا هەوڵی دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەدەن.