حوزه‌یران 15, 2018 01:58 Asia/Tehran
  • جەماوەری عەفرینی سووریا لە لایەن تیرۆریستانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا تاڵان دەکرێن

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ : تیرۆریستانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکی عەفریندا گرتووە .

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ  ڕایگەیاندووە:ئەو گروپە  چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکی عەفریندا گرتووە و بەشێکی زۆریان وێران کردووە.

ڕۆژی پـێنجشەممە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ  چاوێری مافەکانی مرۆڤ  لە ڕاپـۆرتێکیدا کە بە هەرسێ زمانی ئینگلیز و عەرەبی وتورکی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردەوە چەندان حاڵەتی پێشیلکاری و تاوانی جەنگیی ئاشکراکردو ئەوەی لەقاودا کە چلۆن گروپە چەکدارەکانی ئەحرار ئەلشەرقیـیە، جەیش ئەلشەرقیـیە، سوڵتان موراد، موڵک و ماڵی خەڵکیان وێرانکردووە و کەسوکاری خۆیانیان لێ نیشتەجێکردوون.

پـریانکا مۆتاپاردی بریکاری بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی ڕێکخراوەکە  ڕایگەیاندوە "وێرانکردن و چوونە ناو موڵک و ماڵی ئەو خەڵکەی لە تاو شەڕ هەڵهاتوون جۆرە ڕەفتارێکن نابێت لە لایەن ئەوانەی وا خۆیان بە سوپای  ئازادی سوریاو دەزانن ئەنجام بدرێن.

ڕیکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژەی بەوەداوە کە، ئە و پێشێلکارییانەی کە کراون دەچنە خانەی تاوانی جەنگیەوە. ئەم ڕێکخراوەیە داوای لە تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ژێر فەرمانی کردووە کە قەرەبووی ئەو خەڵکەی عەفرین بکەنەوە و ڕێگەیان پـێبدەن بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان و موڵک و ماڵەکانیان ڕادەست بکەنەوە.

ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس وۆچ لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەیدا ئەوەشی وتوە "هەرچەندە گروپەکانی بەناو ئۆپـۆزسیۆن و سوپای ئازاد ڕایانگەیاندووە سەرزەنشتی ئەو پـێشێلکاریـیانە دەکەن و قەرەبووی خەڵکەکە دەکەنەوە، کەچی دانیشتوانی عەفرین، ئەوانەی زیانیان پـێکەوتووە دەڵێن هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە.

بە پێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، ١٣٧ هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی، عەفرینیان جێ هشتووە.

سوپای تورکیا دوای ئەوەی لە ئاداری ڕابردوو دەستی بەسەر عەفریندا گرت، کۆمەڵێک گروپی چەکداری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچەیە داناوە، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن، کە بەردەوام خەریکی دەست گرتن بەسەر موڵک و ماڵی خەلکی ئاوارەو پەڕتەوازەی ئەم ناوچە شەڕ تێ کەوتووەن.