حوزه‌یران 19, 2018 10:06 Asia/Tehran
  • ٩٢٠ هەزار کەس، لە سووریا لە چوار مانگ دائاوارە بوون

لە مانگى کانونى یەکەم تا نیسانى ئەمساڵ، واتە لە چوار مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا، ٩٢٠ هەزار کەس لە سوریا ئاوارە بوون.

به‌ پێی  ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر ، بەردەوامى هەشت ساڵ جەنگى ناوخۆیى سوریا و بەردەوامبوونی قەیران و ململانێى نەیارەکان، بووە هۆى ئەوەى ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتی سوریا وەک پەنابەر ڕوو لە وڵاتانى دراوسێ بکەن و ژمارەیەکى تریش لە ناوخۆی وڵاتەکە ئاوارە ببن.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەئێستادا نزیکەی شەش ملیۆن هاووڵاتى سوری ئاوارەى هەریەک لە وڵاتانى ئوردن و تورکیا و لوبنان و عێراق بوون، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى دەیان هەزار کەسی دیکە کە ئاوارەن ناویان تۆمارنەکراوە.

بانوس مومتەزیس ڕێکخەرى کاروبارى مرۆیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا ڕایگەیاند، سوریا لە ناوخۆیدا ڕووبەرووى ئاوارەبوونێکى چڕ بووەتەوە، بە جۆرێک که‌ لە مانگى کانونى یەکەم تا نیسانى ئەمساڵ، واتە لە چوار مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا، ٩٢٠ هەزار کەس لە سوریا ئاوارە بوونه‌.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە گەورەترین ژمارەی ئاوارەبوونی هاوڵاتییانی سوریایە کە لە ماوەیەکی کورتدا ڕوویداوە، بەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە لە ماوەی حەوت ساڵی سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا.

بەشێکى زۆرى ئاوارەکان ناچارکراون بەهۆى بەرفراوانبوونى بەرەکانى شەڕ ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، بەتایبەت لە غۆتەى ڕۆژهەڵات و پارێزگاى ئیدلب کە لە ساڵى ٢٠١٢وە دیارترین پێگەی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوون.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ، تا ساڵى ٢٠١٧ زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵى پەنابەرى سوری لە وڵاتانى دراوسێ لە خوێندن بێ بەشبوون.

هەر بەپێى ئامارى ڕێکخراوى یونیسێفى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتاى سەرهەڵدانى قەیران و ئالۆزییەکانى سوریا لە ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا نزیکەى سێ ملیۆن و حەوسەد هەزار منداڵی سوری لەدایکبوون و لەو ژمارەیەش سێسەد و شەش هەزار منداڵیان لە ژیانى پەنابەریدا لەدایکبوون.