• پێنتاگۆن ره‌تی کرده‌وه‌ سوپاى تورکیا چووبێته شارى منبج‌

ئێریک پاھۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ ھێزەکانی تورکیا لە دەوروبەری منبج دەستیان بە ھەماھەنگی کردووە، بەڵام ھێشتا تورکیا نەچووەتە ناو منبج.

پاھۆن گوتیشى: جموجوڵی سوپای تورکیا بەھەماھەنگی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەورووبەری منبج دەستی پێکردووە، بەڵام لە ناو منبج نا.

ئەم لێدوانەی وتەبێژی پێنتاگۆن دواى ئه‌وه‌ هات، که‌  سه‌رۆک کۆمارى تورکیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، رایگه‌یاندبوو، هێزه‌کانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ منبج.

سه‌رۆکى تورکیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، "به‌ گوێره‌ى ئه‌و نه‌خشه‌ رێگایه‌ى له‌ نێوان ئانکارا و واشینگتۆن واژوو کراوه‌،  سوپاى تورکیا به‌ره‌و (منبج) جوڵه‌ى پێکراوه‌".

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆکایه‌تى ئه‌رکانى گشتیى سوپاى تورکیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا، رایگه‌یاند، "له‌ ئه‌مڕۆوه‌ هێزه‌کانى تورکیا و ئه‌مریکا به‌ جیا کاروانى سه‌ربازیان له‌ هێڵى نێوان ناوچه‌کانى "قه‌ڵغانى فورات" و ناوچه‌کانى دیکه‌ى ده‌ره‌وه‌ى سنوورى "قه‌ڵغانى فورات" جوڵه‌ پێکردووه"‌.

ناوچه‌کانى "قه‌ڵغانى فورات"، سوپاى تورکیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌کانى کۆنترۆڵیان کردووه‌.

که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندنى تورکیا، دیمه‌نى له‌شکرکێشى سوپاى تورکیایان به‌ ئاراسته‌ى شارى (منبج) بڵاوکرده‌وه‌.

رۆژى (4ى حوزه‌یران/ یۆنیۆى 2018) وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا، مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ، له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا، مایک پۆمپیۆ، له‌سه‌ر نه‌خشه‌رێگایه‌ک، بۆ کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى سووریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) له‌ منبج رێککه‌وتن.

Jun 19, 2018 10:07 Asia/Tehran
بۆچوونت