• بەرپرسێکی کوردی سووریا: ڕێگا بە ئامادە بوونی  تورکیا لە منبەج نادەین

یەکێک لە بەرپرسانی کوردی سووریا ڕایگەیاندووە: تورکیا سیستێمێکی پاوانخوازی ھەیە، بەڵام ئێمە قەت ملکەچی لۆژیکی نالۆژیکانەی ئەو وڵاتە نابین.

ھەدیە یوسف لە بەرپرسانی کوردی سووریا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپرێس، وێڕای ئاماژە کردن بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی منبەج وتوویەتی: قەت ڕێگا نادەین تورکیا بێتە نێو منبەجەوەو ئەنجومەنی سەربازیی منبەجیش لەم بوارەدا زۆر شێلگیرانەیە.

ھەدیە یوسف وتووشیەتی: ئەم بابەتەمان لەگەڵ ھاوپەیمانەکان و ئەمریکاش دا باس کردووە کە نابێ بھێڵن تورکیاو یان تاقمە تیرۆریستییەکانی ژێر فەرمانی بێنە نێو منبەجەوە.

ھەدیە یوسف وێڕای پێداگرتن لە سەر بەردەوامیی سیاسەتی برایەتی لەنێوان نەتەوەکانی باکووری سووریا، جەختیشی کرد: بنەمای پێکھاتنی سیستێمی فدرالیزمی دیموکراتیک شارومەندایەتییە و لێرەدا ئیدی ئەتن و ئایینزا شوێن دانەر نییە.

ھەر لەم حاڵەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش وتوویەتی یەپەگە کشانەوە لە منبەجی قەبووڵ کردووە.

ھێدرنائروت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕێککەوتنی تورکیاو ئەمریکا لە بارەی نەخشەڕێگای منبەجەوە وتوویەتی: ھێزەکانی یەپەگە لە ئاراستەی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکاو تورکیا کشانەوە لە منبەجیان قەبووڵ کردووە. دەتوانم بڵێم کە یەپەگە ڕازی بووە بە چوونە دەرەوە لە منبەج، بەڵام ناتوانم بڵێم کە ئەم ھێزانە ئێستاکە لە کوێ سەقامگیرن.

ھێدرنائروت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا  بەبێ ئەوەی باسی وردیاتی زیاتر بکات لەم بارەیەوە پێشی داگرتوو.ە کە: بەرواری کشانەوەی یەپەگە لە منبەج ھەتا ئەم کاتە دیار نییە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەزیری د ەرەوەی تورکیا دوێنێ بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە ھەتا جولای ٢٠١٨ ھێزەکانی یەپەگە بە تەواوی منبەج چۆڵ دەکەن.

 

Jun 22, 2018 18:42 Asia/Tehran
بۆچوونت