ته‌مووز 11, 2018 19:02 Asia/Tehran
  • ئامادە بوونی ڕووسیا لەمەڕ ناردنی سیستێمی بەرەڤانیی موشەکیی ئێس ٣٠٠ بۆ سووریا

ھاوکات لەگەڵ سەردانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی بۆ مۆسکۆ ، وەزیری بەرەڤانیی ڕووسیا باسی ئامادە بوونی وڵاتەکەی کرد لەمەڕ ناردنی سیستێمی بەرەڤانیی موشەکیی ئێس ٣٠٠ بۆ سووریا .

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵنێرانی لاو، وەزیری بەرەڤانیی ڕووسیا باسی ئامادە  بوونی وڵاتەکەی کرد لەمەڕ ڕادەست کردنی سیستێمی بەرەڤانیی موشەکیی ئێس ٣٠٠ بە سووریا .

سێرگەیی شویگۆ وەزیری بەرەڤانیی ڕووسیا، لە بەشێکی وتووێژە درێژماوەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیتالیایی ( ئیل جۆڕناڵە) ڕایگەیاند: مۆسکۆ ئامادەی ئەوەیە کە ئەگەر بە شێوەی فەرمیانە داوای لێ بکرێت، سیستێمی بەرەڤانیی موشەکیی ئێس ٣٠٠ ڕادەستی سووریا بکات. بەڵام ھەتا ئێستا دیمەشق ھیچ داخوازییەکی لەم بوارەدا نەکردووە.

وتوێژی وەزیری بەرەڤانیی ڕووسیا  ڕۆژی چوارشەممە بڵاو بووەتەوە، واتە ڕێک ھەر لەو ڕۆژەدا کە بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی بڕیارە لە مۆسکۆ لە بارەی سووریاو ئێرانەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین دیدارو وتووێژ بکات.

وەزیری بەرەڤانیی ڕووسیا پێی داگرتووە: دوای شاڵاوی موشەکیانەی ئەم دواییەی ئەمریکاو بریتانیاو فەرانسا بۆ سەر سووریا، تەیار کرانی سیستێمی بەرەڤانیی ئاسمانیی سووریا بە کەرەستەی نۆژەنەوە بووەتە پێویستییەکی حاشا ھەڵنەگر. بەم پێیە ڕووسیا ئامادەیی ئەوەی ھەیە ھەتا جارێکی تر ڕادەست کردنی سیستێمی بەرەڤانیی موشەکیی ئێس ٣٠٠ بە سووریا  تاوتوێ بکات.

دوای شاڵاوە موشەکییەکەی مانگی خاکەلێوەی ئەمریکاو بریتانیاو فەرانسا بۆ سەر دامەزراوە دەوڵەتیەکانی سووریا بە بیانوی ھێرشی کیمیایی سوپای ئەم وڵاتە بۆ سەر غوتەی ڕۆژھەڵات، کاربەدەستانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە سیستێمی بەرەڤانیی موشەکیی ئێس ٣٠٠ ڕادەستی سووریا دەکەن کە ئەمەش لەگەڵ کاردانەوەی کاربەدەستانی زایونی دا بەرەوڕوو بووەوە.

ئەمریکاو چەند وڵاتی هاوپەیمانی خۆی، لە مانگی ئوتی ساڵی 2014 بە بیانووی خەباتی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش بەدەر لە چوارچێوەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و بە بێ هاواهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا هاوپەیمانییان پێک هێنا.

ئەم هاوپەیمانییە ئەمریکییە هەتا ئێستا زۆرێک لە شارومەندانی بێ دەرەتانی سووری و عێراقییان لە پارێزگا جۆربەجۆرەکانی ئەم دو وڵاتە لە خاک و خوێن دا گەوزاندووە. ژمارەی قوربانییە سڤیلەکانی هێرشی پەیتاپەیتای هێزەکانی هاوپەیمانیی دژی داعشی ئەمریکی لە دوو وڵاتی عێراق و سووریا لە مانگی ئوتی ساڵی 2014ەوە گەییشتووەتە پتر لە حەوتسەد کەس.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ئەمریکاو هاوبەشە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە بۆ خۆیان لە پێکهێنەران و دابینکەرانی سەرەکیی دراڤ و چەک و چۆڵی تاقمە تیرۆریستەکان و لەوانە داعش دێنە ئەژمار.