ته‌مووز 13, 2018 12:34 Asia/Tehran
  • بەهێزبوونی ئەگەری نزیک بوونەوەی کوردەکان لە دەوڵەتی سووریا

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئەلمانیتۆر؛ کوردەکان کە هیوایەکی وایان بە هاوڕێیەتی و پاڵپشتی درێژخایەنی ئەمریکا نەماوە، ئێستا هۆگرییان بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا زیاتر بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی رادیۆ و تەلەڤزیۆنیی کوردیی سەحەر؛ لە ماوەی چەن هەفتەی ئەمدواییەدا کە شەڕی دژ بە داعش خەریکە لە دواڕۆژانی نزیک دەبێتەوە و دەوڵەتی سووریایش نزیکەی ٦٠%ی خاکی ئەم وڵاتەی لە سەرهەڵداوان و داعش وەرگرتۆتەوە و خۆی گەیاندۆتە هێڵی سەرسنووریی نێوان باشووری سووریا و وڵاتی ئەردەن، هەر ڕۆژەو هەواڵێکی تازە سەبارەت بە ڕێککەوتنی شیمانەیی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بڵاو دەبێتەوە.

پێشتر "بەشار ئەسەد"ی سەرۆک کۆماری سووریا هۆگریی دەربڕیبوو بەرامبەر بە دانوستان لەگەڵ کوردەکان هەرچەن باسی ئەوەیشی کردبوو کە ڕەنگە  بەرامبەر بە کوردەکان بە زۆرەملی بجوڵێتەوە.

بە پێی نووسینی ئەلمانیتۆر؛ ماڵپەڕی شیکاری- هەواڵیی لە ئەمریکا، نیشانەگەلێک دەرکەوتووە لە هۆگریی کوردەکان بەتایبەت هێزەکانی کوردی سووریا ناسراو بە ypg کە بەشێکی گرینگ لە هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا پێک دێنن، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بەتایبەت لە پارێزگای حەسەکەدا.

ئەوەش سەرچاوەی دەگەڕێتەوە بۆ نەیارەتی نەکردنی ئەمریکا بەرامبەر بە داگیر کرانی ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە لایەن تورکیاوە و ڕێککەوتنی ئەتۆمیی واشینگتۆن و ئانکارا لە سەر چوونەدەری هێزە کوردەکان لە منبج.

جاسم بەشیر ڕێبەری گەورەترین عەشیرەی عەرەبی سووریا کە زۆربەیان لە پارێزگای دەیروزوردا نیشتەجێن و بەشێکی ئەم پارێزگایەش لە کۆنترۆڵی کوردەکاندایە، بە ئەلمانیتۆری وتووە کە پێوەندیی کوردەکان و دەوڵەتی سووریا پەرەی سەندووە و دەوڵەتی سووریا دەیهەوێ لە ناوچەی دەیروزور و ڕەقە، ناوچەی ئەمن پێک بێنێ.

ناوبراو وتیشی: دەیمەشق دەیهەوێ لەو پێوەندییەی لەگەڵ کوردەکان دایدەمەزرێنێ بۆ دەسڕاگەشتن بەو هۆز و عەشیرانەی کەڵک وەرگرێ کە ناچنە ژێر باری دەسەڵاتدارێتیی کوردەکان بە سەر ئەم ناوچانەدا.

جاسم بەشیر بڕوای وایە کە پێوەندیی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی سووریا کاتییە و هیچ بنەمایەکی نابێ لەبەر ئەوەی کە ژمارێک لەو هۆز و عەشیرەتانەی کە لەگەڵ کوردەکان هاوپەیمانەتیان کردووە دەوڵەتی بەشار ئەسەد بە دوژمنی خۆیان دەزانن. لە لایەکی دیکەوە هۆز و عەشیرەتەکانی عەرەب ترسی ئەوەیان لە دڵدایە کە پاش ئەوەی هێزە دەوڵەتییەکان بێنە نێو ناوچەکەوە، هێزە کوردەکان لەو ناوچانە وەدەر نرێن.