ئاب 01, 2018 10:53 Asia/Tehran
  • کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی سوچی سەبارەت بە سووریا، کۆبوونەوەی دواتر سێپتەمبەر لە ژێنێڤ

دەیەمین خولی دانوستانی ئاستانە سەبارەت بە سووریا کە بە پێچەوانەی خولەکانی پێشوو، ئەم جارە لە سووچی ڕووسیا بە ڕێوە چوو، بە دەرکردنی بەیاننامەی کۆتایی ، دوایی هات.

کۆبوونەوەی سوچی سەبارەت بە سووریا لە ڕۆژی دووشەممە (٣٠ی ژولای)ـەوە دەست پێبوو و دوێنێ ٣١ی ژولاییش کۆتایی هات. هەموو کۆبوونەوەکانی ئەو خولەی دانوستان سەبارەت بە سووریا جگە لە کۆبونەوەی گشتی لە پشت دەرکەی داخراودا بەڕێوە چوون.
لە بەیاننامەی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا هاتووە: لایەنەکان لە سەر ویست و ورەی خۆیان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سووریا بە مەبەستی تیابردنی یەکجاریی داعش، بەرەی نووسرە و هەموو کەسانی دیکە، گرووپەکان، پێکهاتەکانی سەر بە ئەلقاعیدە یان داعش کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناس کراون، سەر لە نوێ جەختیان کردەوە. لایەنەکان ڕایانگەیاند سوور و لێبڕاوانە هەوڵ دەدن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە جیایی خوازەکان کە ئامانجیان لاواز کردنی دەسەڵات و یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتانی دراوسێیە. ئەوان هەروەها  ڕەزامەندیان دەربڕی بەرامبەر بەو راوێژکاراییە بەسوودانەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا کە ٣١ی ژولایی لە شاری سووچی بەڕێوە چوو، هەروەها ڕایانگەیاند لەگەڵ دیمیستۆرا گەیشتنە تەبایی کە خولی دواتری ڕاوێژکارییەکان، سێپتەمبەری ٢٠١٨ لە ژێنێڤ بەڕێوە بچێ."

"حسێن جابری ئەنساری" دانوستانکاری باڵای ئێران لە پرۆسەی ئاشتیی سووریا پاش بەڕێوە چوونی دانوستانی سوچی وتی: ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجامێکی باشی هەبوو و دەرفەتێکی باشیش بوو بۆ درێژە پێدانی ڕێککەوتنەکانی نێوان سێ وڵاتی دەستەبەرکاری ئاگربڕی سووریا (ئێران، ڕووسیا و تورکیا) بە مەبەستی بەرەوپێش بردنی پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی باروودۆخ لە سووریا تا ئەم وڵاتە لە ئاکامدا بتوانێ دەستی بگاتە ئاشتییەکەی هەمەلایەنە و زاڵ بێ بە سەر ئەو قەیرانەی ئێستا بەرەوڕووی بۆتەوە."

ناوبراو هەروەها جەختی کرد  کە ئەم دانوستان و وتووێژانە سێ تەوەرەی سەرەکی هەبوو کە بریتین لە لێژنەی یاسای بنەڕەتیی سووریا، لێژنەی ئاڵ و گۆڕ کردنی ئاوارەکان و گەڕانەوەی ئاوارە سووریاییەکان بۆ وڵاتەکەیان. جابری ئەنساری سەربارەت بە مانەوەی ئێران لە سووریایش جەختی کرد کە ئێران بە پێی داخوازی دەوڵەتی ئاسایی سووریا لەم وڵاتەدا ماوەتەوە و هۆکارەکەیشی دەگەرێتەوە بۆ باروودۆخی تایبەتی ئەم وڵاتە."

بەشار جەعفەری بەرپرسی لێژنەی سووریاییش پاش بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا وەک ڕژێمی زایۆنی داکۆکی دەکات لە تیرۆریستانی نێو سووریا جەختی کرد کە : ئێمە سوور و پێداگرین لەسەر چوونەدەری هێزی ئەمریکایی  و هاوپەیمانەکانیان لە خاکی سووریا؛ لەبەر ئەوەی کە مانەوەی ئەم هێزانە نایاساییە."

بەشار جەعفەری هەنگاوی یەکلایەنە، دوژمنکارانە و بە زۆرەملیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا دژ بە سووریای بە تەگەرەی سەرەکیی سەر ڕێگای گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان بۆ وڵاتەکەیان زانی و خوازیاری نەمانی ئەو کردەوە و سیاسەتانە بوو.

ستێفان دیمیستۆرا، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریایش لە بەیاننامەیەکدا وتی کە سێپتەمبەری ٢٠١٨ لەگەڵ لێژنەکانی دانوستانکاری ئێران، ڕووسیا و تورکیا کۆبوونەوەیەک لە ژێنێڤ بەڕێوە دەبات.

سەرپەیڤ