ئه‌یلوول 18, 2018 15:37 Asia/Tehran
  • پێشوازیی ئێران لە ڕێککەوتنی سوچی سەبارەت بە ئەدلیب

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە کۆبوونەوەی سووچی وتی: کۆبوونەوەی سەرانی ڕووسیا و تورکیا و ڕاگەیەندرانی تەبایی سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەر کردنی کێشەی ئەدلیب لە سووریا، هەنگاوی بنەرەرتی لە پێناو تیابردنی پاشماوەکانی تیرۆریستان لە سووریایە.

بە پێی راپۆرتی ئیسنا؛ "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە راشکاوانە ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ڕووسیا و تورکیا دەتوانێ لە ڕێگای دابین کردنی ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەر کردنی سیاسیی پرسەکانی سووریا و لەبەرچاو گرتنی هەموو ڕەهەندە مرۆڤدۆستانە، یارمەتیی دامەزرانی ئاشتی لە سووریا و تیابردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لەم وڵاتە دەدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کرد: راگرتنی هەرچەشنە توند و تیژی و خوێنڕشتن هاوکات لەگەڵ پاکتاو کردنەوەی ناوچەکە و سرێنەوەی لە تیرۆریستان، لە بنەڕەتی ترین و سەرەکیترین بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

قاسمی هیوای خواست کە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سووچی بتوانێ لە چوارچێوی پرۆسەی پۆزیتیڤی ئاستانە و لە درێژەی کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی تاران و هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خێراترکێشە و گرفتەکانی خەڵکی سووریا چارەرسەر بکات و ڕەوتی سڕینەوەی ئەم وڵاتە لە گرووپە توندڕەو و شەڕخوازەکان بە لەبەرچاو گرتنی پرسە مرۆییەکان، دەورێکی گرینگ بگێڕێ.

"ڤیلادمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا و "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا ، حەوتەمی سێپتەمبەری ٢٠١٨ لە کۆبوونەوەی سێ لایەنەی تاراندا سەبارەت بە ئەدلیب بەشدارییان کرد.

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی ڕابردوو (دووشەممە) بە مەبەستی دیدار و وڕاێژ لەگەڵ هاوتای ڕووسی خۆی سەبارەت بە پێوەندیی دوولایەنە و ڕووداو و گۆڕانکارییە گرینگەکانی ناوچە بەتایبەت سووریا خۆی گەیاندە شاری سووچیی ڕووسیا.

"پوتین" پاش دیدار لەگەڵ "ئەردوغان" ڕایگەیاند کە ناوچەیەکی ناسەربازیی بە قووڵایی ١٥ تا ٢٠ کیلۆمەتری لە ئاراستەی هێڵەکانی نێوان تیرۆریستان و سوپای سووریا لە ئەدلیب تا ١٥ ئۆکتۆبەر دیاری کراوە.