ئه‌یلوول 20, 2018 14:26 Asia/Tehran
  • ئەسەد ڕوو لە پوتین: بەرپرسایەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕووسیایەکە لەئەستۆی ئیسرائیلە

"بەشار ئەسەد"ی سەرۆک کۆماری سووریا، بەرپرسایەتیی خستنەخواری فڕۆکە ڕووسیایەکەی سەر ئاسمانی سووریای خستە ئەستۆی ڕژێمی زایۆنی.

سەرۆک کۆماری سووریا ڕۆژی چوارشەممە لە پەیامێکدا بۆ "ڤیلادمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا کوژرانی سەربازانی ڕووس لە کاتی پەلاماردرانی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەم وڵاتەی سەرەخۆشی کرد و ئەوەی بە ئەنجامی بێشەرمی و ملهوڕیی ڕژێمی ئیسراییل زانی.

لە پەیامی ئەسەد بۆ پوتین هاتووە: ئەو ڕووداوە ئەنجامی بێشەرمی و ملهوڕییە هەمیشەییەکانی ئیسراییلییەکانە کە بەردەوام  بۆ دەسڕاگەیشتن بە ئامانجە دزێوەکانی و دەسدرێژی کردنە سەر ناوچەکە، قێزەونترین و نامرۆییترین ڕێگا و شێواز دەگرێتە بەر.

سەرۆک کۆماری سووریا هەروەها سەربازانی کوژراوی ڕووسی بە قارەمانانێک وەسف کرد کە شان بە شانی سەربازانی ڕووسی دیکە خەریکی بەجێ هێنانی ئەرکی خۆیان لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم لە سووریادا بوون.

وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا ڕایگەیاند؛ فڕۆکەوانانی ئیسراییلی شەوی سێشەممە فڕۆکەی ڕووسیان کرد بە کاوێری خۆیان  و ئەو فڕۆکەیان خستە بەر پەلاماری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا.

وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا جەختی کرد؛ فڕۆکەی «Il-20»ی ڕووسیا هاوکات لەگەڵ پەلامارە ئاسمانییەکانی «اف-16»ی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر لازقییە لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی «اس-200»ی سووریا خراوەتە خوارەوە.

دوابەدوا کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی سەربازیی ڕووس لە پارێزگای لازقییە، "سێرگەیی شویگۆ" وەزیری بەرەڤانیی ڕووسیایش ڕۆژی سێشەممە لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ "ئاڤیگدۆر لیبێرمەن" وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنی ئەو ڕژێمەی بە هۆکاری سەرەکیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەربازیی ڕووس زانی.

شویگۆ لەم پێوەندییە تەلەفوونییەدا ڕوو لە لیبێرمەن وتی کە کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنی لە سووریا نابەرپرسانەیە.

سەرپەیڤ